نەتەوە یەکگرتووەکان: داڕمانی کەشوهەوا دەستیپێکردووە

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند، "داڕمانی کەشوهەوا دەستیپێکردووە".

ناوەندی هەواڵ

 

لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، تیشکی خستەسەر دیاردەی ڕاگەیاندنی ڕوانگەی کۆپەرنیکۆس، کە خستوویەتیە ڕوو، هاوینی نیوەگۆی باکوور گەرمترین هاوینە بووە کە تۆمارکراوە.

 

گۆتێرێس جەختی لەوە کردەوە کە زانایان لە مێژە هۆشداری دەدەن سەبارەت بە کاردانەوەکانی پشتبەستنمان بە سووتەمەنی بەردینی، وتیشی: کەشوهەوا خێراتر لەوەی کە بتوانین ڕووبەڕووی ڕووداوە توندەکانی ببینەوە، لە هەموو گۆشەکانی زەویدا دەتەقێتەوە.

 

ئەم بەیاننامەیە لە کاتێکدایە، ڕوانگەی کۆپەرنیکۆسی ئەوروپی ڕایگەیاندووە، تێکڕای پلەی گەرمی جیهانی لە سێ مانگی ڕابردوودا بەرزترین ئاستی خۆی تۆمارکردووە تا ئێستا، سامانتا بێرگێس، یاریدەدەری بەڕێوەبەری ڕوانگەی گۆڕانی کەشوهەوای کۆپەرنیکۆس بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، بە لەبەرچاوگرتنی گەرمای زیادەی سەر ڕووی زەریاکان، پێدەچێت ساڵی ٢٠٢٣ گەرمترین ساڵ بێت.

 

پێشتر ڕوانگەکە ڕایگەیاندبوو، مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو ژمارەی پێوانەیی گەرمترین مانگی جیهانی شکاندووە، جیاوازییەکە لە مانگی تەمموزی ساڵی ٢٠١٩دا، ٠.٣٣ پلەی سەدی بووە.

 

مانگی ڕابردوو کە شەپۆلی گەرما و ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی لە سەرانسەری جیهاندا بەخۆیەوە بینی، پلەی گەرمی هەوای بە بەراورد بە مانگەکانی تەمموز لە ساڵانی نێوان ساڵانی ١٩٩١ بۆ ٢٠٢٠دا بە ڕێژەی ٠.٧٢ پلە گەرمتر تۆمار کرا.

 

ئەم ئەنجامە چاوەڕوانکراو بوو، چونکە زانایان تا ٢٧ی تەمموز ڕایانگەیاندووە کە "ئەگەری زۆرە" مانگی تەمموزی ئەمساڵ گەرمترین مانگ بێت کە تۆمارکراوە.

 

ئەمەش وای لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس کرد کە بڵێت مرۆڤایەتی لە قۆناغێکی گەرمبوونی کەشوهەوا گۆڕاوە بۆ چوونە ناو "قۆناغی کوڵانی جیهانی".