هەولێر، ژنێکی دووگیان لە کاتی نەشتەرگەریدا بەهۆی بچڕانی کارەباوە گیانی لەدەستدا

ژنێکی دووگیان کە تەمەنی ٣٥ ساڵ بوو، لە کاتی نەشتەرگەری منداڵبوون، بەهۆی بچڕانی کارەباوە گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە شاری هەولێر، ژنێک بە ناوی عائیشە عەبدۆ، تەمەن ٣٥ ساڵ، بۆ نەشتەرگەری منداڵبوون ڕوو لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی شارەکە دەکات، بە‌ڵام بەهۆی پچڕانی تەزووی کارەباوە، گیان لەدەستدەدات.

 

عائیشە عەبدۆ دایکی منداڵێکە و لە کاتێکدا دووگیان بوو بە منداڵی دووەمی لە کاتی نەشتەرگەریدا گیانی لەدەستدا و منداڵەکەی ڕزگار کرا، بە وتەی خێزانەکەی، لە کاتێکدا تەندروستی عائیشە عەبدۆ ناجێگیر بوو، نەخۆشخانەکە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی لێ نەبووە، ناچاربوون بە ئۆتۆمبێلی تایبەت و بە بێ ئۆکسجین بیگەیەننە نەخۆشخانەی فریاکەوتن.

 

بەپێی زانیارییەکان خێزانەکەی عائیشە سکاڵایان تۆمار کردووە و داوا دەکەن لە ڕووی یاساییەوە مافەکانیان وەربگرنەوە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، ساڵانە بە سەدان نەخۆش بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە گیان لەدەستدەدەن، یاخود دەبنە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و تووشی نەخۆشی درێژخایەن دەبن، نەبوونی سیستمی تەندروستی لەباریش لە نەخۆشخانەکاندا گرفتێکی دیکەیە و ڕووبەڕووی هاوڵاتیان دەبێتەوە.

 

خێزانەکە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانن و ماوەی ٥ ساڵە لە باشووری کوردستان دەژین.