فیردەوس؛ باخچە گەمارۆدراوەکەی دەنگی ناڕازی گەل

هەندێک جار مۆسیقاژەنی سەر شەقامەکان بە تەنیا یان بە گروپێک دوور لە چاوی پۆلیس ئاوازەکانیان دەژەنن و دەنگێک دەردەکەن، کە دەریدەخات دەنگەکان نەگیراون و هەمیشە دەڕژێن.

شەبنەم تاوەکولی

 

تاران- لە کاتێکدا ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی نزیک دەبێتەوە، حکومەت کەشێکی ئەمنی، بەتایبەت لەو شوێنانەی کە پێشتر شوێنی ناڕەزایەتی بوون، لە وڵاتدا خوڵقاندووە، یەکێک لەو شوێنانە لە تاران باخی فیردەوسە، کە شوێنێکە بۆ گەنجان و تیپەکانی سەر شەقام و فرۆشیارانی سەر شەقامەکان.

 

کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن حکومەتەوە بڵێسەی توڕەیی خەڵکی بەرز کردەوە و ئەو گەنجانەی لەو ناوچەیە بوون چەندین مانگ ناڕەزایەتیان دەربڕی، تەنانەت دوای سەرکوتکردنی حکومەتیش بەرخۆدانی خەڵک بەتایبەت ژنان لەو ناوچانە بەردەوام بوو، کە دژی یاسا و حیجابی ناچاری وەستانەوە.

 

زۆربەی گروپەکانی مۆسیقای سەر شەقامەکان لە باخچەی فیردەوس چالاک بوون، بوونی فرۆشیاران وایکردبوو کە جەماوەرێکی زۆر بچنە ئەوێ و مۆسیقاژەنان و گۆرانیبێژانیش بینەرێکی زۆریان هەبوو، تەنانەت بوو بە شوێنی کۆبوونەوەی شەوانە بۆ هەندێک لە هاوڵاتیان، بەڵام لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، ئەفسەرانی پۆلیس چەند گەنجێکی مۆسیقاژەنیان لە باخچەی فیردەوسی تاران دەستبەسەر کرد و ئەو ژنانە بۆ نیشاندانی ناڕەزایەتی خۆیان لەوێ دەستیان بە سەماکردن و وتنەوەی دروشم کرد.

 

ڕۆژانی دوای ئەوە، هێزەکانی پۆلیس جێگیرکران و ئامادەبوونی مۆسیقاژەن و فرۆشیاران لەو شوێنەی ئاماژەی پێکرابوو قەدەغە کرا، بە گوتەی شایەتحاڵانی ناوچەکە، ژنان لەوێ کۆدەبوونەوە و دروشمیان دەوتەوە و بەرەنگاری حیجابی ناچاری دەبوونەوە.

 

سەرەڕای بوونی هێزەکانی پۆلیس و دەوریەی ڕێنمایی لەسەر ئەم ڕێگایە، تا ئێستا گەنجانێک هەن لە باخچەی فیردەوس مۆسیقای سەر شەقامەکان پێشکەش دەکەن، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ کۆبوونەوەی خەڵک، ئەفسەرەکان ڕێگەیان پێنادەن بەردەوام ببن، ئەو فرۆشیارانەی کە زۆربەیان گەنجن و دەرچووی زانکۆکانن، کە لە باشترین زانکۆکان خوێندوویانە، بەڵام ئێستا ئایندەیەکی ناڕوون و نادیاریان هەیە و لە ئێستادا ڕێگەیان پێنادرێت فرۆشیاری بکەن، ترسی ڕژێم لە تەقینەوەی توڕەیی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت، تەنانەت وایکردووە، دڵخۆشی لە خەڵکیش بستێنن، بەڵام بە گوتەی یەکێک لە مۆسیقاژەنەکان، "پێویستە زیاتر ئەم تەپڵە لێبدەین بۆ ئەوەی هەمووان گوێیان لە دەنگی ئێمە بێت"

 

هەندێک جار، مۆسیقاژەنی سەر شەقامەکان بە تەنیا یان بە گروپێک دوور لە چاوی پۆلیس دەژەنن و دەنگێک دەردەکەن کە دەریدەخات دەنگەکان ناگیرێن و هەمیشە دەڕژێن.