کژار: بە یەکگرتوویی ژنان سیستمی پیاوی دەسەڵاتدار لەناودەچێت
کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کژار بەبۆنەی نۆیەمین ساڵیادی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت: بە یەکگرتوویی ژنان، سیستمی پیاوی دەسەڵاتدار لەناودەچێت.
ناوەندی هەواڵ
کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار لە نۆیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ٣ی ئابی ٢٠١٤ی شەنگالدا بەیاننامەیەکی بڵاکردەوە و تیایدا هاتووە: ٩ ساڵ بەسەر فەرمانی ٧٤یەمینی سەر شەنگالدا تێپەڕدەبێت کە لە ۳ی ئابی ۲۰۱٤، چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر خەڵکی شەنگال و چەندین منداڵی بەنرخ و بەشکۆ لە چوار بەشی وڵات، لە سەر خاکی خۆیان گیانی خۆیان فیدای نیشتیمان و ئازادی کرد، لەم ڕۆژەدا ئێمە هەموو شەهیدەکانمان بەبیر دەهێنینەوە، تێکۆشان و بەرخۆدانى شەهیدان زۆر ڕێگەی ئاسان کرد، بەردەوامی لە ڕێی شەهیدان سەرکەوتن مسۆگەر دەکات.
کوردستان لە کاتى جیاوازدا بینەری زۆر خەبات و تێکۆشان و هاوکات خیانەتیش بووین، لە لاپەڕەکانى مێژوودا گەلێک ڕۆژی خۆش و ناخۆش نوسراونەتەوە، کۆمەڵگەى ئێزدیش لەمە بێبەش نەبووە، مێژووی گەلی ئێزدی زۆر دێرینە، ئەو کۆمەڵگەیە بە کلتوری ژن و دایک ژیان دەکات، ئەو کەلتوورەی کە وڵاتپارێزی لەخۆ دەگرێت و تا ئەمڕۆش خۆی پاراستووە، ئەم کەلتوورە ساڵانێک لە دژی قڕکردن وەستاوەتەوە و بەرخۆدان دەکات، لەئیستاشدا ئەو بەرخۆدانە گەیشتووەتە ئاستێکی هەرە باڵا.
لە فەرمانى ٧٤ یەمیندا دوژمنی مرۆڤایەتی هەوڵیدا لە کەسایەتى شنگالدا دەستکەوتەکانى مرۆڤایەتی داگیر بکەن، هێزێکی تاریکپەرست بە زیهنێکی تاریکپەرستانە بڕوات بەڕێوە، داعش لە بنەڕەتدا نوێنەرایەتی هێز و زهنیەتى پیاوسالاری زاڵ دەکرد، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا ژمارەیەکى زۆر ژنی ئێزدی بە دیل گیران، ژمارەیەکى زۆریش ئاوارە بوون، ژمارەیەکیشیان کڕین و فرۆشتنیان پێوەکرا، هەتا ئێستا چارەنووسی زۆرێک لەو ژنانە نادیارە، ئەمە ئەو ڕاستیەیە کە زیهنیەتى پیاو سالاری باش نیشان دەدات، کە لە هەر جێگایەک بێت هێرش دەکاتە سەر دەستکەوتەکانى کۆمەڵگا.
لە ٢٠١٤دا ژنانی کورد لەسەر بنەمای ئەندێشەیەکی دروست، تاریکی داعشیان تێکشاند
هەرچەندە هێزە هەژمووخوازەکان دەیانویست لە کەسایەتى داعشدا خۆیان لە هەموو شوێنێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەنە دەسەڵاتدار، بەڵام بە تێکۆشانی ژنان ئەمە پووچەڵکرایەوە، بە ساڵان ژن لەسەرانسەری کوردستان بوونە پێشەنگی کۆمەڵگا و لە هەموو ئاست وبوارەکاندا خۆیان بە ڕێکخستن دەکەن، لە شنگالیش بە هەمان شێوەیەیە، ژنانى شنگال لەسەر فکر و پاڕادیگمای ڕێبەر ئاپۆ هێز و ئیرادەی خۆیان ناساند، لەبوارەکانى سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتی خۆیان بە ڕێکخستن کردوە، هەریەکەیان بوونە پێشەنگ بۆ کۆمەڵگا کە لە دڵی داعش دا ترسێکی گەورەیان دروست کرد، ژنانى ئێزدی نیشانیاندا بە دڵ ئازادی دەخوازن، بۆ تێکشکاندنى داعشیش قوربانی گرانیان داوە.
سیستمی مەلاکانی ئێران، داعش و تاڵیبان لە بنەڕەتەوە دژبەری ژنانن
هەرچەندە دەسەڵاتدارانی ئێران هەموو رۆژێک لە رێگەی جیاجیاوە و بە دەرکردنی بڕیار و یاسا لەلایەن پەرلەمانەوە و قسە و فتوای جیاجیا لەلایەن مەلاکانەوە دژی ژنان ویستیان هەناسەیان ببرن، بەڵام ژنانی ئێرانی بەشێکی زۆر لە پێناسەکانی دەسەڵاتدارانیان تێکشکاند، بە دروشمی ژن ژیان ئازادی بوونە نموونە بۆ ژنانی جیهان. جارێکیتر دەرکەوت کە هێزی شۆڕشی ژن بە دەرکردنی یاسا ناتوانرێت بوەستێنرێت.
گەڕانەوەی تاڵیبان فشارەکانی بۆ سەر ژنان چڕکردووەتەوە و هەموو رۆژێک بریاری نوێ لە دژی ژنان دەردەکات، بەڵام سەرەڕای ئەوانەش ژنانی ئەفغانستانی هەنگاو بۆ دواوە نانێن و گوریان بە تێکۆشانیان داوە, ژنان باش لە ئازاری یەکتر تێدەگەن و هێز لە یەکترەوە وەردەگرن و جوگرافیا و کەلتوری جیاواز ڕێگر نییە لە بەردەم تێکۆشان و یەکگرتنی ژنان. ژنان لە ئەفغانستاندا بن، یاخود ئێران و یان شەنگال، هێز لە یەکتر وەردەگرن و تێکۆشانیان بەرفراوان دەکەن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی کژاردا هاتووە: جارێکی دیکە هەموو شەهیدانی رێگەی ئازادی بە بیر دەهێنینەوە، ڕایدەگەیەنین کە تائێستاش ئەقڵیەتی پیاوسالار و باڵادەستی پیاو بە هەموو شێوازێک لەسەر کۆمەڵگای ئێزدی و ئەفغانستان و ئێران بەردەوامە، بۆ تێکشکاندنی ئەو ئەقڵیەتە و کۆتاییهێنان بە جینۆسایدی ژنان پێویستە خەبات و تێکۆشانی بێ وچان ئەنجام بدرێت.
هەروەها پشتیوانی خۆی بۆ کەمپینی کەژەکە دەربڕیوەو باسی لەوەشکردوە، لە ماوەی ڕابردوودا کەژەکە بە دروشمی “لەبەرامبەر هێرشەکانی پیاوانی هەژمونخواز، ئێمە لەگەڵ ژنانی ئەفغانستان و شەنگالداین” زۆر واتادار و لەجێدایە، دەشڵێت: لە بنەمای ئەو کەمپینەدا ئێش و ئامانج و تێکۆشانی هاوبەش هەیە، لە سەر ئەو بنەمایە وەک کەژار هەم ئەو کەمپینە بە گرنگ دادەنێین و هەمیش هەوڵ دەدەین کە خەباتی خۆمان بەو ئاراستەیەدا بەرفراوان بکەین، هەروەها ژن و کۆمەڵگای ئازادیخواز، دەیانەوێت پشتیوانی لەو کەمپینە بکەن، بێگومان بە یەکگرتنی ژنان سیستمی دەسەڵاتداری پیاو لەناو دەچێت.