بە سەرپەرشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هەوڵی بنبڕکردنی شێرپەنجە لە عێراق دەدرێت
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایدەگەیەنێت، كاردەكەن بۆ بنبڕكردنی نەخۆشی شێرپەنجە لە عێراقدا، بۆ ئەو مەبەستە تیمێکیان پێکهێناوە.
ناوەندی هەواڵ
وائل حەتاحت، نوێنەری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق ڕایگەیاند، پشتیوانی عێراق دەكەن بۆ بنبڕكردنی گشتگیری نەخۆشی شێرپەنجە لە وڵاتەکەدا و ستراتیجیەتێكی تەواوی بۆ دادەنێن، دەشڵێت: ئەمە یەكێكە لە هەرە كارە گرنگەكانمان لەعێراق و چاودێری دەرەنجامەكانی دەكەین.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پڕۆگرامێك لەپێناوی ئەو نەخۆشیەدا داندراوە كە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بە هاوكاری ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی شێرپەنجە و ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی سەرپەرشتی دەكات بۆ دەستنیشانكردنی پێوەرەكانی سەركەوتنی ئەو هەوڵانەی بۆ بنبڕكردنی نەخۆشیەكە گیراوەتەبەر.
ئەوەشی خستەڕوو، تیمێك پێكهێندراوە سەردانی زیاتر لە ١٥ ناوەندی تەندروستی و كلینیكەكانی كردوەو لێپرسراوان و پزیشكانی لە بەغداو هەولێرو موسڵ بینیووە، وەزارەتی تەندروستیش هاوكار بوە بۆ پەرەپێدانی ئەو بنبڕكردنەو هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان لە عێراقدا.
ئەوە لە کاتێکدایە بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی، لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣دا هەزار و ٥٠٨ حاڵەت تەنها لەو نەخۆشخانەیە تۆمار کراوە، کە دەکاتە تووشبوونی ٨-٩ کەس لە ڕۆژێکدا.