ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی مەریوان؛ تا ئێستا ٧ کەس بریندار بوون

دارستانەکانی مەریوان چەند ڕۆژێکە دەسووتێن و سەرەڕای داوای بەپەلەی چالاکوانانی ژینگەیی، خەڵکی ناوچەکە هەوڵدەدەن ئاگرەکە بکوژێننەوە و تا ئێستا ٧ کەس بریندار بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاگری دارستانەکانی مەریوان کە لە ۱۹ی تەمموز لە دارستانەکانی گوندی "کۆلکە جان" دەستیپێکرد، زوو بڵاوبووەوە بۆ گوندەکانی دەوروبەری، لەوانە دارستانەکانی گوندەکانی پلە، سەلسی و کانی میرانیش.

 

لە هەرێمی "بەهرەڕەشە" سەدان دارستان سووتاون و سەرەڕای داوای هاوکاری بەپەلە لەلایەن چالاکوانان و بەرپرسانەوە، ئاگرەکە هێشتا کۆنترۆڵ نەکراوە.

 

دوای زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر، کاربەدەستان شەوی ٢٠ی تەمموز ڕایانگەیاند کە هەلیکۆپتەرەکانی ئاگرکوژێنەوە تارانیان بەجێهێشتووە بەرەو شاری مەریوان ڕۆیشتوون، خەڵکی ناوچەکە شەو و ڕۆژ لە شوێنی ڕووداوەکەدان و هەوڵ دەدەن کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە بکەن.

 

بە پلان ئاگر لە دارستانەکانی مەریوان بەردەدرێت

هەموو ساڵێک دارستانەکانی ناوچەکانی مەریوان بە پلان دەسووتێندرێن و لە هەندێک حاڵەتدا لەلایەن هەژارانەوە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا لەلایەن حکومەتەوە لەبەر هۆکاری سیاسی ئەنجام دەدرێن.

 

لەگەڵ ئەوەشدا، بەهۆی دووبارەبوونەوەی بەردەوامی ئاگرکەوتنەوەکان لەم ناوچەیە، لەژێر سەرپەرشتی خراپی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتداران، نەبوونی شوێنی گونجاو بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە و نیگەرانییەکانی حکومەت بۆ ئەم ناوچەیە، خەڵکی ناوچەکە بەهۆی هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە لەو ناوچەیەدا، ساڵانە گیان لەدەست دەدەن و بە سەختی بریندار دەبن.