ئەلیف شەفەق داوای ئازادی بۆ هونەرمەند نودەم دوراک دەکات

ئەلیف شەفەق، نووسەری بەناوبانگی تورک دەربارەی دەستگیرکردنی هونەرمەند نودەم دوراک، کە ٨ ساڵە بەهۆی وتنی گۆرانی کرمانجییەوە لە زینداندایە، دەڵێت "چۆن گۆرانی دەتوانێت تاوان بێت؟" چۆن خۆ دەربڕین بە زمانی دایک تاوانە؟ هیوادارم ئەم نادادپەروەرییە کۆتایی بێت".

ناوەندی هەواڵ

 

نودەم دوراک، هونەرمەندی باکووری کوردستان، لە ٢٢ی نیسانی ٢٠١٥ەوە بە تۆمەتی "ئەندامێتی ڕێکخراوێک" و  بەهۆی وتنەوەی گۆرانی کوردی-کرمانجی، سزای ١٩ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە، کەمپین و بانگەوازەکان لە هەموو جیهانەوە بۆ ئازادی نودەم دوراک بەردەوامن، ئەلیف شەفەق، نووسەری بەناوبانگی تورک، لە چوارچێوەی هەڵمەتەکاندا داوای ئازادی بۆ نودەم دوراک کرد.

 

"با ئەم نادادپەروەرییە کۆتایی بێت"

ئەلیف شەفەق ئاماژەی بەوەدا کە نودەم بە بڵاوکراوەکانیدا دیارە کە هونەرمەندێکی زۆر بەتوانایە و دەڵێت: "نودەم دوراک هونەرمەندێکی زۆر بەتوانایە، ژنێکی گەنجە کە بە سەختییەکی زۆردا تێپەڕیوە، ئێستا بە تۆمەتی گۆرانی وتن بە زمانی کوردی سزای ١٩ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە، چۆن گۆرانی وتن تاوان بێت؟ چۆن خۆدەربڕین بە زمانی دایک تاوانە؟ هیوادارم ئەم نادادپەروەرییە کۆتایی بێت و نودەم ئازادی خۆی بەدەست بهێنێت".