گەرمترین ڕۆژی جیهان بۆ سێیەم جار لە هەفتەیەکدا تۆمار کرا

تێکڕای پلەی گەرمای جیهان بۆ سێیەم جار لە ماوەی هەفتەیەکدا گەیشتە بەرزترین ئاست و زانایان دەڵێن: گەرمای زیاتر بەڕێوەی ەو ڕەنگە ئاگری دارستانەکان توندتر بکات.

ناوەندی هەواڵ

 

زانایان ئاماژەیان بەوە کردووە، پلەی گەرما بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوای مرۆڤەوە بەڕێوەدەبرێت و ئەل نینۆ بەهێزترین هەڵاوسانە لە سیستمی کەشوهەوا لە هەر شوێنێکی سەر زەوی، هەموو سێ بۆ حەوت ساڵ جارێک ڕوودەدات و لە قۆناغی گەرمبووندا ئاوی گەرم دێتە سەر ڕووی زەریای هێمن و گەرمی پاڵدەنێت بۆ بەرگەهەوا.

 

بەپێی توێژینەوەیەک کە لەلایەن کۆمەڵێک زانای ئەمریکییەوە ئەنجامدراوە، تێکڕای پلەی گەرمای جیهان لە ڕۆژی پێنجشەممەدا ١٧.٢٣ پلەی سلیزی بووە.

 

ئەوە لە کاتێکدایە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو پلەی گەرما ١٧.٠١ پلەی تێپەڕاند، هەروەها ڕۆژێک دواتر تێکڕای پلەی گەرما گەیشتە ١٧.١٨ پلەی سلیزی.

 

فریدریک ئۆتۆ، مامۆستای باڵای زانستی کەشوهەوا لە کۆلێژی ئیمپریال لە لەندەن وتی: زانایانی کەشوهەوا سەرسام نین بە شکاندنی ڕیکۆردی پلەی گەرمای ڕۆژانەی جیهان، بەڵام ئێمە زۆر نیگەرانین، دەبێت ئەمە بانگەوازێک بێت بۆ هەر کەسێک کە پێی وایە جیهان پێویستی بە نەوت و گازی زیاترە.

 

پێش ئەم هەفتەیە، دوایین جار کە ڕیکۆردەکە شکاوە لە ئابی ٢٠١٦ بوو، هەروەها شارەزایان هۆشداری دەدەن کە زۆرێک لە کۆمەڵگەکان هێشتا خۆیان لەگەڵ گەرمایەکی زۆر توند و کاریگەرییەکانی لەسەر خەڵک و ژینگەکە نەگونجاندووە.

 

پاولۆ سیپی، مامۆستای زانستی کەشوهەوا لە کۆلێژی ئیمپریالی لەندەن وتی: ئەل نینۆ هێشتا نەگەیشتۆتە لوتکە و هاوین هێشتا لە نیوەگۆی باکوور لە جوڵەدایە، بۆیە جێی سەرسوڕمان نابێت ئەگەر پلەی گەرمای ڕۆژانە لە ساڵی ٢٠٢٣دا دووبارە و دووبارە ببێتەوە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای جیهان لەوانەیە شەپۆلەکانی گەرما گەرمتر بکات و ئاگری دارستانەکان توندتر بکات.

 

لێکۆڵینەوەیەکی نوسینگەی مێت لە بەریتانیا دەریخستووە کە گۆڕانی کەشوهەوا ئەگەری گەرما لە مانگی حوزەیران دوو هێندە زیاتر دەکات، ئاژانسی ژینگەی ئەوروپا لە مانگی حوزەیراندا هۆشداری دەدات لەوەی باشووری ئەوروپا لەوانەیە زیاتر لە ٦٠ ڕۆژ گەرما ببینێت و بارودۆخەکە مەترسیدارە بۆ مرۆڤ.