ژنان بە بڕیارن بۆ دادگاییکردنی داعش

دایکانی عەفرین کە منداڵەکانیان لەلایەن چەتەکانی داعشەوە کوژراون، لە کاردانەوە بە بڕیارەکەی ئیدارەی خۆسەر بۆ دادگاییکردنی چەتەکانی داعش دەڵێن: "ئەگەر لەبەرچاوی ئێمەش سزا بدرێن، دڵمان ئارام نابێت".

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- هەموو جیهان بینی کە چۆن هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، قەسەدە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دژی داعش شەڕیان کرد، بەتایبەتی شکستی چەتەکان لە کۆبانێ جێپەنجەی خۆی لە مێژوودا بەجێهێشت، داعش کە بە بوونی خۆی لەو ناوچانە تاوانی جەنگی زۆری ئەنجام داوە، لە ڕێگەی دەوڵەتە هەژموونەکان و بە پلەی یەکەم تورکیا بە پاڵپشتی حکومەتی ئەنقەرە هاتە ناو خاکی سووریاوە، سەرەڕای ئەو تاوانانە و ئەو شەڕەی کە ئەنجامیان دا، بەڵام لە خاکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا قەسەدە شکستی پێهێنا، زیاتر لە ١٠ هەزار چەتەی ڕێکخراوی داعش دەستگیرکران و ئێستا لە زیندانەکانی ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیندانیکراون.

 

ئیدارەی خۆسەر لە ١٠ی حوزەیران بڕیاریدا کە زیاتر لە ١٠ هەزار چەتەی بیانی داعش لە دادگای ئاشکرا و دادپەروەر و شەفافدا دادگایی بکرێن، ئەمەش بە پێی یاسا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی تایبەت بە تیرۆر و بەگوێرەی پاراستنی مافی قوربانیان و بنەماڵەکانیان ئەنجام دەدرێت، تا ئێستا ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەسەر داوای دامەزراندنی دادگای نێودەوڵەتی و دادگاییکردنی داعش بەپێی ڕێسا نێودەوڵەتییەکان بەردەوامە.

 

دایکانی عەفرین کە کۆچیان کرد بۆ کانتۆنی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و لە کەمپی بەرخۆدان لە ناوچەی فافینی شەهبا، منداڵەکانیان لە شەڕی کۆبانی بە دەستی تیرۆریستانی داعش کوژران، باسیان لە دادگاییکردنی چەتەکانی داعش کرد.

 

"ئەگەر سزاشیان بدرێت دڵمان ئارام نابێت"

حەنیفە شێخۆ، دایکی مەزڵوم قەندیل، خۆشحاڵی خۆی بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی کوشتنی منداڵەکانی دەربڕی و وتی: کوڕەکەم لە کۆبانێ بە دەستی چەتەکانی داعش شەهید بوو، لە کاتێکدا ئەرکی خۆی بۆ پاراستنی خاکی وڵاتەکەی جێبەجێ دەکرد، لە کۆبانێ شەڕێکی سەخت و قورس ڕوویدا، ڕاستە دڵمان سووتاوە، بەڵام لە کۆتاییدا منداڵەکانمان لە دژی تیرۆریستانی داعش سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و بەرگرییان لە خاکەکەیان کرد، ئێمە دەمێکە چاوەڕێی بڕیاری دادگاییکردنی داعش بووین و دڵخۆشین بە بڕیارەکە، دڵمان دەسووتێت، دڵمان ئارام نابێتەوە تەنانەت ئەگەر داعش لە پێش چاومانەوە دادگایی و سزا بدرێت، ئێمە هەرگیز منداڵەکانمان لەبیر ناکەین.

 

"ئێمە تۆڵەی منداڵەکانمان دەکەینەوە"

مەزییەت یوسف، دایکی شەهید شۆرش عەفرین ڕایگەیاند، نابێت تۆڵەی منداڵەکانیان لەسەر زەوی بەجێبهێڵرێت و وتی: ئێمە مافی منداڵەکانمان دەخوازین کە لەلایەن داعشەوە کوژراون، لەگەڵ ئیدارەی خۆسەرین بۆ دادگاییکردنی داعش، ئەم بڕیارە لە شوێنی خۆیدایە، نابێت خوێنی منداڵەکانمان لەسەر زەوی بەجێبهێڵرێت، ئێمە ژیانی خۆمان لە تیرۆریستان دەوێت، ئەوان ئاگریان لە دڵمان بەرداوە بەڵام ئێمە هێشتا پەشیمان نین، لەسەر ڕێگای باوباپیرانمان دەڕۆین و تۆڵەیان لێ دەکەینەوە، ئێمە خەباتمان بۆ مافەکانمان دەکرد، ئەوان کوشتیانین، بەسە بێدەنگی و خیانەت، تۆڵەی منداڵەکانمان دەکەینەوە، پێویستە ئەم چەتانە بە زووترین کات سزا بدرێن.