دلڤین-ی خوشکی ژنە کوژراوەکەی هەولێر گیانی لەدەستدا

شەوی ١٩ی حوزەیران، لە گەڕەکی گوڵانی شاری هەولێر ژنێک بە دەستڕێژی گولـلە لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا و خوشکی ژنەکەش کە بریندار ببوو، پاش بڕینەوەی قاچی گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ١٩ی حوزەیران، لە گەڕەکی گوڵانی شاری هەولێر پیاوێک بە چەکەوە چووەتە سەر ماڵی باوکی هاوژینەکەی و دەستڕێژی گولـلەی کردووە، بەهۆیەوە هاوژینەکەی کوشت و خوشکی هاوژینەکەشی بریندارکرد.

 

ئەو ژنەی کوژراوە، ناوی ئەڤین ڕەمەزانە و ٢٠ ساڵە، تەنیا چوار مانگ بوو هاوسەرگیری کردبوو، خوشکەکەشی دلڤین ڕەمەزانی ١٦ ساڵ، کە قوتابی پۆلی ٧ی بنەڕەتی بوو، دوای بریندار بوونی گەیەندرابووە نەخۆشخانە و قاچێکی بڕابووەوە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەی گیانی لەدەستدا. 

 

ژنان هەمیشە قوربانی دەستی پیاوانن و لەلایەن پیاوانی ناو خێزانەکانیان و ناسیاو و دەرەوەی خێزانەکانیان دەکرێنە ئامانج، کوشتن بە چەک تاوانێکە یەکێک لە هۆکارەکانی کۆنتڕۆڵ نەکردنی چەکی بێ مۆڵەتە، کە وایلێهاتووە زۆرینەی ماڵەکان و کەسەکان دەتوانن هەڵگری چەک بن و تاوانی پێ ئەنجام بدەن، هەروەها نەبوونی یاسایەکی توند بۆ سزادانی تاوانباران ڕێگە خۆشکەر بووە بۆ کوشتنی زیاتری ژنان و ئاسایی کردنەوەی ڕووداوەکە لەناو کۆمەڵگەدا.