بەشێک لە ئاوارەکانی موسڵ گەڕانەوە زێدی خۆیان

٣٣ خێزان کە دەکاتە ١١٨ ئاوارە لە کامپەکانی هەولێرەوە گەڕێندرانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان لە پاڕێزگای موسڵ.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاندووە، لەکامپەکانی هەولێرەوە ٢٣ خێزان كە دەكاتە ١١٨ گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لە ناوچەکانی موسڵ، حکومەتی عێراقیش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بەردەوام دەبن لە گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان.

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ئەوەی خستووەتەڕوو،  بەردەوامی هەوڵەکانیان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان، ئەمڕۆ  ١١٨ ئاوارە كە لە ٢٣ خێزان پێكهاتوون لە كامپەكانی خازر و حەسەن شام لە پارێزگای هەولێر گەڕێندراونەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، جێبەجێکردنی بەرنامەی سەقامگیری بۆ خێزانە ئاوارەکان بەردەوامی هەیە و بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان و حكومەتە خۆجێییەكان لە هەردوو پارێزگاكە بووە.

 

ئاوارەکان گەڕێندراونەتەوە بۆ ناوەندی شاری موسڵ و ناوچەكانی شارۆچكەی تەلەعفەر، شارەدێیەكانی، شوری، حەمام عەلیل، حمیدات، تەلعەبتە و گوندی تلول بەعاج لە پارێزگای موسڵ.

 

جێگەی ئاماژەیە، پێشتر ئیڤان فایەق وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاندبوو، لەچوارچێوەی پلانی حكومەتدا كاردەكەین بۆ داخستی كامپەكان لەماوەی شەش مانگدا، هەروەها كامپەكانی هەرێمی كوردستانیش یەك دەخەینەوە.