تۆمەتبارێك كە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەی لە ژنێکی گەنج كردبوو دەستگیرکرا
پۆلیسی سلێمانی ئاشکرای کرد، تۆمەتبارێکیان دەستگیر کردووە کە دەستدرێژی کردووەتە سەر ژنێکی گەنج و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ و وێنەشی لێکردووە.
ناوەندی هەواڵ
ڕایگەیاند و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە پەڕەی فەسیبووکی بڵاویکردەوە، لەسەر سكاڵای باوكی كچێك تۆمەتبارێك دەستگیركرا كە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەو ڤیدیۆی كەسیی لە ژنە گەنجەکە كردبوو و لەژێر هەڕەشەدا پارەی لێوەرگرتبوو.
ئاماژە بەوەشکراوە، دوای ئەوەی باوكێک سكاڵای تۆمار كرد كە لەلایەن كەسێكەوە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ لە كچەكەی دەكرێت و چەند جارێكیش دەستدرێژی كردووەتە سەری، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕی ڕاسپارد كە بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی بەپەلە بكەن بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار.
پۆلیسی سلێمانی ڕاشیگەیاندووە، دوای لێكۆڵینەوەكان و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو لەلایەن بنكەی پۆلیسی ئەزمەڕەوە دەستگیربكرێت و دەستیشبگیرێت بەسەر بڕی ٢١ هەزارو ١٠٠ دۆلارو بڕێك دیناری عیراقیدا، كە تۆمەتبار بە هەڕەشەکردن لە ژنە گەنجەکەی وەرگرتبوو.
ئاماژە بەوەکراوە، لەئێستادا تۆمەتبار "م،ج،ح لەدایكبووی ٢٠٠٣" بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامە.