هیومان ڕایتس وۆچ داوای قەرەبووی بەپەلەی ئێزدییەکان دەکات
ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ ڕایگدەگەیەنێت، دەسەڵاتدارانی عێراق نەیانتوانیوە بەپێی یاسای قەرەبووی دارایی هەزاران ئێزیدی شنگال بكاتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
ناوەندی هەواڵ
ئێزدییەکانی شەنگال لە ئابی ٢٠١٤ بەهۆی هێرشی دڕندانەی داعشەوە ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی و کۆچبەریی و دەستدرێژی بوونەوە، ژنانی ئێزدی لەلایەن چەتەکانەوە ڕفێندران و بازرگانیان پێوەکرا، تا ئیستاش ژمارەیەکی زۆر لەو ژنانە لەژێر دەستی داعشدان، هەروەها بەشێکی زۆری خێزانەکانیش نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
سارا سەنبر، لێكۆڵەری عێراقی لە ڕێكخراوی هیومان ڕایتس وۆچ لەڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەکردوە، زۆرێك لە شنگالییەكان سەرچاوەی داراییان نییە بۆ ئاوەدانكردنەوەی ماڵ و شوێنی كارەكانیان، بۆیە گەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانیان بەو شێوە سادەیە گونجاو نییە، دەبێت دەسەڵاتدارانی عێراق ئەو پارەیە دابەش بكەن، كە پێشتر بۆ قەرەبووكردنەوە تەرخانكراون بۆ ئەوەی خەڵك بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان و ژیانیان بنیات بنێنەوە.
ئەوەش ڕاگەیەندراوە، تا ئێستا ژمارەیەكی كەم لە ئێزیدییەكان بەپێی یاسای ساڵی ٢٠٢١ لەلایەن حكومەتی عێراقەوە قەرەبوویان وەرگرتووە، كە ئەویش یاسای ڕزگاربووانی ژنانی ئێزیدی، بۆ دابینكردنی قەرەبووی ئێزیدییەكان و كەمینەكانی دیكە، لەوانەش توركمانەكان، مەسیحییەكان و شەبەك، كە لە ساڵی ٢٠١٤دا بە شێوەیەكی دڕندانە لەلایەن داعشەوە كوژراون و ڕفێندراون و كراونە كۆیلە، هەرەوەها لەساڵی ٢٠٢٣ دا گروپی یەكەم كە ٤٢٠ ژنی ئێزیدی بوو، قەرەبوویان وەرگرت.
قەرەبووەکە بەشێکی کەمی پێداویستییەکانی شەنگال دابین دەکات
هیومان ڕایتس وۆچ ڕوونیكردەوە، ئەم هەنگاوە ئەرێنییە و پێویستە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پێشێلكاریانەی بەرامبەر پێكهاتەی ئێزیدی و كەمینەكانی دیكە ئەنجام دەدرێن، كە دەكاتە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، بەڵام ئەو قەرەبووانە تەنیا بەشێكی كەم پێداویستییەكانی شنگالییەكان دابین دەكات، بۆ ئەوانەشە كە یاساكە دەیانگرێتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەوانەی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی نایانگرێتەوە، مافی خۆیانە بەپێی یاسای ژمارە ٢٠ی ساڵی ٢٠٠٩ داواكاری قەرەبوو تۆمار بكەن، كە دەسەڵاتی دادوەری ڕێگە بە عێراقییەكان دەدات، داوای قەرەبووی زیانەكان بكەن، یاساكە قەرەبووكردنەوەی هەموو قوربانیانی مەدەنی شەڕ و ئەندامانی خێزانەكانیان لە حاڵەتەكانی: شەهیدبوون، كەمئەندامی، برینداربوون، زیانگەیاندن بە ماڵ و زیانەكانی پەیوەست بە كار و خوێندن دیاریكردووە.
نوێنەری نووسینگەی هیومان ڕایتس وۆچ ڕاگەیاند، لە دوای كردنەوەی نووسینگەی لیژنەی لاوەكی قەرەبووكردنەوە لە شنگال بەپێی یاسای ژمارە ٢٠ لە ساڵی ٢٠٢١، نزیكەی ١٠ هەزار و ٥٠٠ كەس داوای قەرەبوویان كردووە، هەروەها نزیكەی ٥ هەزار لەو داواكاریانە پەسەندكراون.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە لیژنەی قەرەبووكردنەوە بەدەست كەمییەكی كارمەندانەوە دەناڵێنێت، بەو پێیەی تەنها ٥ بەرپرس لە فەرمانگەی قەرەبووكردنەوە لە شنگال هەیە، كە ئەو دەستەیەی سەر بە حكومەتی خۆجێیە و ئەركەكەی وەرگرتنی داواكارییە لە شنگال و بڕیاردانە لەسەریان، كاتێك لیژنەی قەرەبووكردنەوە داواكارییەك پەسەند دەكات، بۆ موسڵ دەنێردرێت.
لە كۆی پێنج هەزار داواكاری كە لەلایەن لیژنەی قەرەبووكردنەوەی شنگالەوە پەسەندكراوە، هەزار و ٥٠٠یان چاوەڕوانی ڕەزامەندی كۆتایین لە موسڵ یان بەغداوە، سێ هەزار و ٥٠٠ داواكاریش چاوەڕوانی وەرگرتنی پارەن لەلایەن وەزارەتی داراییەوە.
هیومان ڕایتس وۆچ ڕاشیگەیاندووە، قەرەبووكردنەوە هەنگاوێكی گرنگە بۆ داننان بەو ئازارانەی هاوڵاتیانی مەدەنی پێیدا تێپەڕیون و یارمەتیدانیان بۆ بونیادنانەوەی ژیانیان، پێویستە حكومەت پارە بۆ قەرەبووی پەسەندكراو تەرخان بكات و بە خێرایی پێیان بدات، نابێت چیتر شنگالییەكان لە چاوەڕوانی بەردەوامدا بن.