ڕێگری لە کەرنەڤاڵی پاڵپشتی پارتی چەپی سەوز کرا و هاتنی پەرلەمانتارێکی هەدەپەش ئاستەنگ کرا

لە سلێمانی ڕێگەنەدرا کەرنەڤاڵی پشتیوانی لە پارتی چەپی سەوز و هەدەپە بەڕێوەبچێت، لە فڕۆکەخانەی هەولێریش ڕێگە بە هاتنی پەرلەمانتارێکی هەدەپە نەدرا.

ناوەندی هەواڵ

 

١٤ی ئایار هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى و پەرلەمانى تورکیا بەڕێوەدەچێت و بە مەبەستی پشتیوانی لە هەدەپە و پارتی چەپی سەوز، بڕیار بوو کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٨ی ئایار، لە سەکۆی ئازادی پاڕکی ئازادی سلێمانی کەرنەڤاڵی پشتیوانی لە پارتى چەپی سەوز بۆ هەڵبژاردنەکانى تورکیا بەڕێوەبچێت، بەڵام ئیدارەی خۆجێی سلێمانى ڕێگری لە ئەنجامدانى کەرنەڤاڵە کرد.

 

ڕێکخەرانى کەرنەڤاڵی پشتیوانى ڕاگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: ئێمەی ڕێکخەرانی کەرنەڤاڵی ٨ی ئایار بۆ پشتیوانی پارتی چەپی سەوز لە هەڵبژاردنی تورکیا، پێتان ڕادەگەیەنین پاش تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان و تەواوبوونی ئامادەکاریەکان، ئیدارەی سلێمانی ڕێگریان لە ئەنجامدانی چالاکییەکە کرد، سەرباری پشتیوانی هەدەپە و پارتی چەپی سەوز کە کەوتنی ئەردۆغان دەبێتە سەرەتای دوورخستنەوەی شەڕ و لاوازبوونی فکری فاشیزم بەئاڕاستەی ئاشتی و دیموکراسی و پێکەوە ژیان، داوا لە گەلی کورد و ئازادیخوازانی پشتگیری هەدەپەو پارتی چەپی سەوز بکەن.

 

لە لایەکی دیکەوە، حەسەن ئۆزگونەش، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە کە بانگێشت کرابوو بۆ هەرێمی کوردستان، لە فڕۆکەخانەی هەولێر ڕاگیرا و بە بیانوی هەبوونی قەدەغەی گەشت لەسەری لەلایەن عێراقەوە ئەو پەرلەمانتارەیان گەڕاندەوە بۆ توركیا.