لە کۆنگۆ بەهۆی لافاوەوە زیاتر لە ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە
بەهۆی باران بارین لە خاكی كالێهێ لە پارێزگای كیڤۆی باشووری كۆنگۆ ناوچەکە ژێرئاوکەوتووە و زیاتر لە ٢٠٠ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە.
ناوەندی هەواڵ
لە ڕاپۆرتێكدا ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی لافاو و ڕۆچوونی زەوییەوە لە كۆماری دیموكراتی كۆنگۆدا گیانیان لەدەستداوە بۆ زیاتر لە ٢٠٣ كەس بەرزبووەتەوە و چەند كەسێكیش بێسەروشوێنن.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆی بارانبارین لە خاكی كالێهێ لە پارێزگای كیڤۆی باشوور، گوندەكانی بوشوشو و نیاموكوبی ژێرئاو كەوتون.
هەروەها زۆرێك لە كێڵگەكان زیانیان بەركەوتووە، ڕووبارەكانی ناوچەكەش بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە كەنارەكانیان تێپەڕاندوە، بەمەبەستی یارمەتیدانی بەپەلەش بۆ دانیشتوان و قوربانییەكان كۆمەڵێك پزیشك رەوانەی ناوچەكە كراون.
جێی ئاماژەیە، كیڤۆی باشوور هاوسنورە لەگەڵ وڵاتی ڕواندا، زۆرجار توشی لافاو ڕۆچوونی زەوی دەبێت.