٣٦٨ ئاوارە لە نەینەواوە گەڕانەوە زێدی خۆیان

ئیڤان فایەق، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، ٣٦٨ ئاوارە لە كەمپی "جدعەی ٥" لە پارێزگای نەینەوا گەڕێندرانەوە بۆ زێدی خۆیان.

ناوەندی هەواڵ

 

شەڕی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ لە عێراقدا بووە هۆی ئاوارەبوون و کۆچکردنی هاوڵاتیان و ملیۆنان هاوڵاتی زێدی خۆیان بەجێهێشت و لە کامپەکاندا نیشتەجێکران، لەم چەند ساڵەی دواییدا کار بۆ گەڕانەوەی ژمارەیەک لەو ئاوارانە کراوانەو لە دوایین هەوڵدا ٣٦٨ ئاوارە لە نەینەواوە چوونەتەوە زێدی خۆیان.


ئیڤان فایەق، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەو خێزانە ئاوارانەی خۆیان داوای گەڕاندنەوەیان كردبوو بە هاوكاری ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی گەڕێندرانەوە شوێنی ڕەسەنی خۆیان، هەروەها بڕێك هاوكاری داراییشیان پێدرا بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی ژیانیان.


وەزیری كۆچی عیراق كارمەندانی وەزارەتەكەشی ڕاسپاردووە، پەلە بكەن لە سەرژمێریكردنی ناوی ئاوارەكان و ئەوانەی دەخوازن بە ئارەزومەندانە بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان و پڕۆسەكەش بە هاوكاری ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و مرۆیی و لایەنە ئەمنییەكانی پەیوەندیدار بەو بابەتە بەڕێوەدەچێت.