سه‌رۆك كۆماری عێراق چاودێری ڕووداوی دەستدرێژی بۆ سەر منداڵێکی کچ ده‌كات

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ڕایگه‌یاند، سەرۆک کۆمار بە گرنگییەکی زۆرەوە چاودێری ڕووداوی دەستدرێژی بۆ سەر منداڵێکی کچ لە شاری بەسڕە دەکات، کە ڕووداوێکی دڕندانە و نامۆیە بە بەها و نەریتە کۆمەڵایەتیەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

لە هەفتەی ڕابردوودا تاوانێکی قێزەون لە بەسڕەی باشووری عێراق ڕوویدا، منداڵێکی کچی تەمەن ٧ ساڵان دوای ڕفاندنی دەستدرێژی سێکسی کرابووە سەر و پاشان فڕێدرابووە ناو زبڵەوە.

 

پۆلیس ڕایگەیاند، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی کامێراکانی چاودێری لە کاتی تۆمارکراودا، توانراوە تاوانبار دەستگیربکرێت و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.



سەبارەت بەو تاوانە فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، سەرۆک کۆمار بە گرنگییەکی زۆرەوە چاودێری ڕووداوی دەستدرێژی بۆ سەر منداڵێکی کچ لە شاری بەسڕە دەکات، کە ڕوداوێکی دڕندانەیە و نامۆیە بە بەها و نەریتە کۆمەڵایەتیەکان کە عێراقییەکان لەسەری گۆش کراون، ئەو ڕووداوە کۆمەڵگەی هەژاند و وایلێکرد بە توڕەییەوە لەو کارە ناڕەوایە بڕوانن کە بەسەر منداڵەکەدا هات.

 

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا  هاتووه‌، پاراستنی منداڵان یەکێکە لە بنەماکانی ژیانی دروستی مۆدێرن لە دەوڵەت و کۆمەڵگەکاندا، کە پەرۆشن بۆ دەستەبەرکردنی مافەکان و پاراستنی شکۆمەندی و ژیان، لەمبارەیەوە سەرۆک کۆمار جەخت دەکاتەوە لەسەر گرنگی یاسا کە ڕێگریەکی توندی یەکلاکەرەوە بێت لەم جۆرە تاوانەدا.

 

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، سه‌رۆك كۆمار پێیوایە کە یاساکان و سەروەری یاسا لە سەرووی هەمووانەوەیە و ڕێزگرتن لە دابونەریتەکان و ڕەوشت، هۆکارێکن بۆ کەمکردنەوەی ڕووبەری تاوان لە کۆمەڵگەدا و پاراستنی ئاسایش و ئازادی و شکۆی تاکەکان.