سەرەڕای کەمی دەرفەتەکان، یارمەتی قوربانیانی بوومەلەرزەکە دەدەن

لە ئەنجامی کارەساتی بوومەلەرزەکەی سوریا، ژنانی پەنابەری ئیدلب لە دەستپێشخەرییەکی مرۆیی چادرەکانیان پێشکەش بە قوربانیانی بوومەلەرزەکە دەکەن، بۆ ئەوەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئەرکی بەپەلەی خۆیان بگرنە ئەستۆ.

هەدیل عومەر

 

ئیدلب - دوای کارەساتی بوومەلەرزەکە، دۆزینەوەی شوێنی مانەوە بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکە کە ماڵ و حاڵی خۆیان لەدەستداوە، یەکێکە لە پێداویستییە سەرەتاییەکان، بۆیە زۆرێک لە ژنە پەنابەرەکان چادرەکانیان لە کەمپەکانی ئیدلب بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە کردەوە.

 

"ئەرکی من بوو لە چادرەکەمدا پێشوازییان بکەم"

ڕیهام حاجی حەمیدی لە کەمپی حەریم چادری خۆی بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکە کردەوە و وتی: "هەموومان ترساوین، منداڵەکان دەگریان و لەگەڵ خێزانەکانیان لە تاریکی و لە ژێر باراندا ڕایاندەکرد، ئەرکی من بوو بەخێرهاتنیان بکەم بۆ لای خۆم، من یارمەتیم پێشکەش بە زۆرێک لە خێزانەکان کردووە، سەرەڕای توانا سنووردارەکانم کە جگە لەم چادرە هیچم نییە، بەڵام تا ئێستا پێشوازی لە زۆر کەس دەکەم.

 

چادری پەروەردەیی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە کراوەتەوە

زەهرا حەلوانی چەندین چادری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە کردەوە کە لەگەڵیدا بوون لە کەمپەکانی شاری سەلقین، ڕوونیدەکاتەوە کە لە پرۆژەی پەروەردەیدا ئەو چادرانەی بەکارهێناوە، ئێستاش بۆ کەسوکاری قوربانیانی بوومەلەرزەکە بەکاری دەهێنێت.

 

فریال ئەحمەر، یەکێک لە قوربانیانی بوومەلەرزەکە دەڵێت: "ئەو کارەی کە ژنان ئەنجامی دەدەن کارێکی مرۆڤایەتییە، ناتوانرێت نکوڵی لێبکرێت، سەرەڕای سنوورداربوونی تواناکانیان، ئەوەندەی دەتوانن هاوکار دەبن، دەستپێشخەرییەکەیان جێگای ڕێزگرتنە، تا ئێستا هیچ بەرپرس و دامەزراوەیەک هاوکاری نەکردووین، بەڵام ئێمە بە پاڵپشتی خەڵک لەسەر پێی خۆمان وەستاوین.