ژنانی گەنج بەشداری ماراسۆنیان کرد و ئاستی بەرزیان بەدەستهێنا

بۆ یەکەمجار لە شاری سلێمانی ماراسۆنی نێودەوڵەتی ئین سلێمانی بەڕێوەچوو، ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو بەشداریان تێدا کرد و ئاستی بەرزیان بەدەستهێنا.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە بەردەم گۆیژە سیتی لە شاری سلێمانی لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی ئین سلێمانی بۆ جەژنی نەورۆز ماراسۆنێک بە بەشداری زیاتر لە ٣ هەزار کەس بەڕێوەچوو، تیایدا ژنان و منداڵان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەشداربوون تێیدا.

 

ماراسۆنەکە کاتژمێر ١٠ی بەیانی دەستیپێکرد و کاتژمێر ١٢ کۆتایی هات، ٥٠ ناوبژیوان بەشداربوون بچوکترین کەس کە بەشداری تێدا کردبوو منداڵێکی تەمەن ٨ ساڵ بوو، ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش توانیان پلەیەکی باش بەدەستبهێنن.

 

لە ڕاکردنی ٥ کیلۆمەتریدا، نێرگس حسێن پلەی یەکەم، ئەمەل خدر پلەی دووەم، ئاشتی ئیسماعیل پلەی سێیەمیان بەدەستهێنا، لە ڕاکردنی ٢١ کیلۆمەتریدا، دیانا کەریم پلەی یەکەم، بوشرا ڕەئوف پلەی دووەم و ڕەنا بەرەکات پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.

 

"ژنان بەشدارییەکی بەرچاویان هەبوو"

گوڵان عەبدوڵا وەکو ڕێکخەری ماراسۆنی ئین سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، پێمان خۆشبوو بۆ یەکەم جار ماراسۆنێکی نێودەوڵەتی ڕێکبخەین و بە خۆسحاڵیەوە ژنان بەشێوەیەکی بەرچاو بەشداریان تێدا کرد، لە پلانماندا هەیە بە شێوەیەکی باشتر لە شارەکانی دیکەی باشووری کوردستان چالاکی لەم شێوەیە بەڕێوە ببەین.

 

سارا بەختیار وەکو ژنێکی بەشداربوو ئاماژەی بەوەکرد، من پێشتر یاریزانی باسکە بووم و هەمیشە حەزم لە یاری هەبووە، کاتێک ڕیکلامی ئەم چالاکیەم بینی حەزم کرد بەشداری تێدا بکەم، چونکە یەکەم جارم بوو و توانیم پلەی شەشەم بەدەستبهێنم، ئەگەر ماراسۆنی تریش هەبێت بەشدار دەبم، یەکەم جار ترسام کە ژنی تێدا نەبێت، بەڵام بە خۆشحاڵیەوە ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بەشداریان کردووە و هەستێکی زۆر خۆشە بە تایبەتی ژنان کە بگەن بە پلەیەک.