بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر لە پینجەمین ساڵی داگیرکردنی عەفریندا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

بەڕێوبەرایەتی خۆسەری هەرێمی جزیرە، لە پێنجەمین ساڵیادی داگیرکردنی شاری عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، لە قامیشلۆ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

قامیشلۆ

 

ئەمڕۆ ١٨ی ئادار، ٥ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر داگیرکردنی عەفرین لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، بە مەبەستی شەرمەزارکردنی داگیرکردنی عەفرین، بەڕێوبەرایەتیی خۆسەری لە بەردەم چوارڕیانی نەبی حوڕی لە قامیشلۆ لە باکووری و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، کە ئەندامانی ڕێکخراو و دامەزراوەکانی خۆسەری و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان و بزووتنەوە و دانیشتوانی شارەکە ئامادەبوون.

 

٥٨ ڕۆژ بەرخۆدان و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە لەلایەن غەمگین یوسف، ئەندامی جێبەجێکاری خویندنگەکان خوێندرایەوە و تیایدا هاتووە: "شاری عەفرین کە بە ئاسایش و ئارامی لەسەر بنەماکانی دیموکراسی و یەکسانیی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری ژیاوە، ڕووبەڕووی هێرشێکی دڕندانە بووەتەوە و داگیرکراوە، هێرشەکە ٥٨ ڕۆژ بەردەوام بوو و بەرخۆدانێکی قارەمانانە و ئەفسانەیی لە مێژوودا نووسرایەوە، دەوڵەتی تورک هەموو چەکە قەدەغەکراوەکانی نێودەوڵەتی بەکارهێنا بەداخەوە داگیرکردنی شاری زەیتوون بووە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران کەسی ڕەسەنی شارەکە.

 

"سیاسەتی دژە مرۆیی لە دژی خەڵکی عەفرین پەیڕەو دەکرێت"

بەڕێوبەرایەتیی خۆسەری لە درێژەی لێدوانەکەیدا ڕایگەیاندووە، کە دوای ئەو داگیرکارییە چەندین کار و سیاسەتی دژەمرۆڤانە لە دژی خەڵکی هەرێمەکە ئەنجامدراون و بەردەوامیشی دا:"٥ ساڵ لە داگیرکاری و سیاسەتی لەناوبردن لەلایەن داگیرکەران و گروپە تیرۆریستییەکان لە دژی ئەو کەسانەی لە ماڵەکانی خۆیاندا ماونەتەوە ئەنجام دەدرێت، لەو سیاسەتانە: گۆڕانی دیمۆگرافی و دروستکردنی شارۆچکە و تاڵانکردن، کوشتن، گرتن، دزینی شوێنەواری دێرین و بڕینی دار کە تا ئێستا بەردەوامە، ئەو داگیرکارییە تا ئێستا بە هەموو شێوەیەک کاری لەسەر نەهێشتنی تایبەتمەندییەکانی شاری زەیتوونی مێژوویی کردووە، ئەمە جێگەی ناڕەزایەتییە.

 

"ڕووە شارەوەکانیان لە کارەساتی بوومەلەرزەدا ئاشکرا بوو"

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەو سیاسەتە داگیرکارییانە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە شەرعییەتیان پێدراوەوە ئەو پێشێلکارییانەی کە ڕوودەدەن ڕووی دەوڵەتی تورک بە سیاسەتەکانی تورک-کردن ئاشکرا دەکات، هەروەها لەگەڵ کارەساتی بوومەلەرزەکانی ئەم دواییە کە کاریگەری لەسەر ناوچەکانی عەفرین و بەتایبەتی لە جندرێس هەبوو، ڕووی ڕاستەقینەی دەوڵەتی تورک بۆ هەموو جیهان ئاشکرا بوو، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە کە هاوڵاتیانی ناوچەکە لە ژێر داروپەردوودا بۆ مردن بەجێهێڵدران، بەبێ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردن و نەکردنەوەی دەرگاکان لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتیک بۆ یارمەتیدانی زیانلێکەوتووان.

 

"هێزە نێودەوڵەتییەکانیش هاوبەشن"

بەڕێوبەرایەتیی خۆسەری لە بەیاننامەکەیدا، بەرخۆدانی سەردەمی بەبیرهێنایەوە و هاوکات دەوڵەتی تورک و هاوپەیمانەکانی شەرمەزار کرد و لە بەردەوامیدا وتی: "ئێمە وەک بەڕێوبەرایەتی خۆسەری دیموکراتیی هەرێمی جزیرە، لەم یادە پڕ ئازارەدا، شەهیدانی بەرخۆدانی گەل و یەکینەکانی پاراستنی گەل و ژن "یەپەژە/ یەپەگە" کە داستانی قارەمانانەیان نووسیوە، بەبیر دێنینەوە،  لە پێنجەمین ساڵیادی بەرخۆدانیشدا، پێکهاتەکانی هێشتا هیواخوازن بە هاودەنگیی خۆیان عەفرین بگەڕێننەوە، داگیرکاریی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی و ئەو سیاسەتە کۆمەڵکوژییانەی کە پەیڕەوی دەکەن و داگیرکاریی و پێشێلکارییە بەردەوامەکان و هێز و لایەنە نێودەوڵەتییەکان کە بەبێدەنگیان هاوکارن شەرمەزار دەکەین.

 

پەیمانی ڕزگار کردن

بەڕێوبەرایەتیی خۆسەری بەڵێنی تێکۆشانی ڕزگارکردنی هەموو ناوچە داگیرکراوەکانی دووپاتکردەوە و لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە: "داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هاوپەیمانی دەکەین کە شەڕی داعش بکەن، پێویستە هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان لە دژی تاوانەکانی جەنگ دژ بە مرۆڤایەتی کە لە لایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و گروپە تیرۆریستییەکانەوە ئەنجام دەدرێن، جێبەجێ بکەن،  هەروەها بەڵێن دەدەین کار و تێکۆشان بۆ سەرکەوتن بەرزبکەینەوە و هەموو ناوچە داگیرکراوەکانمان ئازاد بکەین و گەلەکەمان بە سەلامەتی بگەڕێنینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".

 

بەیاننامەکە بە دروشمەکانی بەرخۆدان عەفرین زیندوو دەکاتەوە کۆتایی هات.