ناوەندی سە‌حێل، ١٠ ملیۆن منداڵ لە ناکۆکیدا دەژین

سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونیسێف" ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، منداڵان لە ناوەندی سەحێل بە شێوەیەکی زیاد لە ململانێ چەکدارییەکان لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی ئاووهەوا، نائارامی خۆراک دەژین و گیرۆدەی ئەو ژیانەن.

ناوەندی هەواڵ

 

یونیسێف لە ڕاپۆرتێکی نوێدا هۆشداری دا کە "شەڕی دڕندانە" ١٠ ملیۆن منداڵی لە "بورکینا فاسۆ، مالی، نیجەر" ناچار بە پێویستی یارمەتی مرۆیی کردووە، ئەمەش زیاتر لە دوو هێندەی ژمارەکەیە لە ساڵی ٢٠٢٠دا.

 

ئاماژە بەوەشکراوە کە ئەم شەڕ و ناکۆکییە دڕندانەیە پەل دەهاوێت بۆ وڵاتانی دراوسێ و چوار ملیۆن منداڵی زیاتر دەخاتە مەترسییەوە.

 

جۆن جەیمس، وتەبێژی یونیسێف وتی: ڕەنگە ئەو ململانێیە سنووری ڕوونی نەبێت، بەڵام بە هێواشی و بە دڵنیاییەوە شتەکان بۆ منداڵان خراپتر بووە و ئێستا ملیۆنان لەوان لە ناوەڕاستی ئەم قەیرانەدا ماونەتەوە.

 

هەروەها ئەو منداڵانەی کە لە سەنگەرەکانی شەڕ و دوژمنایەتی نێوان گروپە چەکدارەکان و هێزە ئەمنییەکانی نەتەوەییدان، لە هێڵی ئاگردا دەژین، بۆ نمونە لە بورکینا فاسۆ ژمارەی ئەو منداڵانەی لە ٩ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢دا کوژراون بە بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی ٢٠٢١دا سێ ئەوەندە بووە.

 

هێرش بۆ سەر خوێندنگەکان

گروپە چەتەکان لە بورکینا فاسۆ و مالی و نیجەر ڕاستەوخۆ خوێندنگاکان دەکەنە ئامانج، لە هێرشێکی خێراتر بۆ سەر پەروەردە بەپێی ڕاپۆرتی یونیسێف، زیاتر لە ٥ خوێندنگە لە بورکینا فاسۆ لە ئەنجامی هێرشەکاندا داخراون، جۆن جەیمس، وتیشی: زیاتر لە ٨ هەزار و ٣٠٠ خوێندنگە لەو سێ وڵاتە مالی، بورکینا فاسۆ و نیجەر - ئێستا بەهۆی توندوتیژی و نائارامییەوە داخراون، بەهۆی هێرشەکانەوە ئەو مامۆستایانەی کە لە خوێندنگەکاندان هەڵاتوون، منداڵان زۆر دەترسن بچنە خوێندنگه، خیزانەکان ئاوارە بوون.

 

قەیرانی ئاووهەوا و نائارامی خۆراک

یونیسێف ڕوونیکردەوە کە ناوەندی سەحێل بە کەمیی خۆراک و ئاوەوە دەناڵێنێت و گروپە چەتەکان بە گەمارۆدانی شارۆچکە و گوندەکان و پیسکردنی کەناڵەکانی ئاو ژیان بۆ هاوڵاتیان قورستر دەکەن، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٥٨ کەناڵی ئاو لە بورکینا فاسۆ هێرشیکرایە سەر، کە لە ساڵی ڕابردووەوە نزیکەی سێ ئەوەندە زیادی کردووە.

 

بە گشتی زیاتر لە ٢٠٠ هەزار کەس لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان بورکینا فاسۆ و مالی و نیجەر لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٣دا ڕووبەڕووی نائارامی خۆراکی کارەساتبار دەبنەوە.

 

گۆڕانی کەشوهەوا

یونیسێف وتی، شۆکەکانی کەشوهەوا فاکتەرێکی سەرەکین کە کاریگەری لەسەر دانەوێڵە هەیە، پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە و باران کە دەبێتە هۆی لافاو، کاریگەری ڕووداوە سەختەکانی کەشوهەوا هۆکارێکی سەرەکی ئاوارەبوونن، زیاتر لە ٢.٧ ملیۆن کەس لە سێ وڵاتەکە ئاوارە بوون.

 

قەیرانەکە لە سەحێل بە شێوەیەکی بەرچاو لە ئاستی جیهانیدا ڕەنگی دایەوە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر لە  ٨ هەزار منداڵ لە جیهاندا کوژراون و کە ئامانجی هێز و گروپە چەتەکانە و زیاتر لە ٧ هەزار منداڵ نێردراون بۆ شەڕ و زیاتر لە چوار هەزار منداڵ ڕفێندراون.