کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە یارمەتیدانی زیانلیکەوتووانی بوومەلەرزەی سوریا شکستیهێناوە

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبارەی هاوکاریی مرۆیی پێشكەش بە زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە لە سوریا شکستیهێناوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لێکۆڵەرەوەکانی باڵای مافەکانی مرۆڤ کە لەلایەن ئەنجومەنی مافی مرۆڤەوە دەستنیشان کراون، ١٣ی ئادار، سەبارەت بە هاوکاری مرۆیی بۆ زیانلیکەوتووانی بوومەلەرزە هەڵسەنگاندنێکی ڕەخنەییان لە ڕۆڵی حکومەتی سوریا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان بە نەتەوە یەکگرتووەکان گەیاند.

 

لێکۆڵەرەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، دەبوایە ئاسانکاری بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی لە ڕێگە بەردەستەکاندا بکەن، بە تایبەت گەیاندنی تیمەکانی ڕزگاکردن لە هەفتەی یەکەمی دوای بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەخنە لە حکومەتی سووریا دەگرێت و ڕایگەیاندووە کە حکومەتی بەشار ئەسەد هەفتەیەکی ویست تاوەکو ڕەزامەندی لەسەر ڕێگەپێدانی گواستنەوەی هاوکاریی مرۆیی لەودیو سنوورەوە بدات، هەروەها گروپی حەیات تەحریر ئەلشام هاوکاری هێڵی خاچی لە شامەوە ڕەتکردووەتەوە.

 

بەپێی نەتەوەیەکگرتووەکان مەزەندە دەکرێت ٥ ملیۆن کەس پێویستی بە پەناگەی سەرەکی و یارمەتی خۆراک هەبێت لە ناوچەکانی بوومەلەرزە لە رۆژئاوای کوردستان و سوریا.

 

ئەمە لە کاتێکدایە، پێش بوومەلەرزەکانی ٦ی شوبات، زیاتر لە ١٥ ملیۆن سوری بەهۆی ناکۆکییەکانەوە پێویستی بە یارمەتی مرۆیی هەبوو، لە دوای بوومەلەرزەکەش ئەم ژمارەیە بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.