ئەنجامی کەمپەینی واژۆ کۆکردنەوە ڕاگەیەندرا

دەستپێشخەری گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە بەیاننامەیەکدا ئەنجامی کەمپەینێکی کۆکردنەوەی واژۆی دوو مانگەی بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕاگەیاند.

قامیشلۆ

 

لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣دا، دەستپێشخەری گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە هاوکاری دەستپێشخەری ئازادی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە دژی گۆشەگیریی توند، هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆی دەستپێکرد، ئەمڕۆ دەستپێشخەری گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامی ئەو هەڵمەتەی لە ڕێگەی ڕاگەیەندراوێکەوە لە یاریگای هەیسەم کچۆ لە شاری قامیشلۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە دروشمی "گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا داوای هەڵگرتنی گۆشەگیری ڕێبەر ئۆجالان و ئازادی جەستەیی دەکات" ڕاگەیاند.

 

زیاتر لە دوو ملیۆن واژۆ کۆکرانەوە

ئاهین عەلی، ئەندامی جڤاتی گشتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە ڕاگەیەندراوەکەی خوێندەوە و تێیدا هاتووە، "وەک بەشێک لە کەمپەینی کۆکردنەوەی واژۆ کە لە ٢٢ی کانوونی دووەمەوە بە دەستپێشخەری گەلی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان ڕاگەیەندرا، سەرجەمی پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و لەناویشیاندا گەلەکەمان لە شامی پایتەختی سوریا و لوبنان و باشووری کوردستان بەشداربوون، ژمارەی واژۆکان گەیشتە دوو ملیۆن و ٦٢٦ هەزار و ٨٢٨ واژۆ، لەم هەڵمەتەدا سەدان لیژنە، لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشدارییان کرد.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، جەختکرایەوە، "بە توندی ئیدانەی بێدەنگی نێودەوڵەتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بەتایبەتی سی پی تی دەکەین و داوایان لێدەکەین وەڵامی داواکارییەکانی گەلەکەمان بدەنەوە، لەم قۆناغە هەستیارەدا وەک ڕێکخراوێکی مرۆیی وەڵامی داواکارییەکان بدەنەوە بۆ ئەوەی ئەو ڕۆڵە ببینن کە پێیان دراوە، ٢٣ مانگ تێپەڕیوە و هیچ زانیارییەکمان لەبارەی ڕێبەر ئاپۆوە پێنەگەیشتووە و کارەساتی بوومەلەرزە و دەرئەنجامەکانی لە دوورگەی ئیمرالی لەبیر ناکەین و چارەنووسی ڕێبەر ئاپۆ لەم کارەساتەدا ڕوون نەبووەوە".

 

ڕاگەیەندراوەکە بە دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" کۆتایی هات.