کەرکوک؛ "سەرەڕای یاساکان ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە"

ژمارەیەک لە ژنانی كەركوك لە ڕۆژی جیهانیی ژناندا گردبوونەوە و داوای کردنەوەی پەناگەیەکیان بۆ ئەو ژنانە کرد کە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ بە بۆنەى ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان، ژنانی كەركوك لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵایەتی شارەکە گردبوونەوە و لە بەیاننامەیەکدا داواکارییەکانی ژنانیان خستەڕوو،

 

ئاهەنگ نەورۆز، پارێزەر، بەیاننامەکەی خوێندەوە و تێیدا هاتووە، "ڕۆژی ٨ی ئاداری هەموو ساڵێك بە جەژن دادەنرێت بۆ ژنان و ئاهەنگێكە بۆ دەستكەوت و بەشداری كردنیان لە كۆمەڵگەدا، ئەم ڕۆژە بە دەرفەتێك دادەنرێت بۆ ئەوەی دەنگی ژنان ببیسترێت و تاوەکو داوای مافی سیاسیی و ئابووری و كۆمەڵایەتی خۆیان بكەن، لە دەیان ساڵی ڕابردوودا شاهێدی پێشكەوتن و گەشەسەندنی بەرچاو بووین بۆ پێشكەوتنی ژنان لە هەموو بوارەكاندا بەتایبەتی لە بوارەكانی ئاشتی و ئاسایشدا، کە ئەوانەش بە توخمێكی جەوهەری لە گۆڕانكاری و گەشەسەندنی كۆمەڵگ دادەنرێن.

 

لە بەیاننامەکەدا باس لە دەستوری عێراق کراوە، کە لە چوار بڕگەی ماددەی ٢٩ دووپاتی كردووەتەوە خێزان بنەمای کۆمەڵگەیە و ڕێگری لە هەموو جۆرە توندوتیژی و دەستدرێژییەك دەكات لە خێزان و كۆمەڵگەدا و دەوڵەتیش گرنتی پاراستنی دایكایەتی و منداڵی دەكات و سەرەڕای ئەمەش ژنان هێشتا ڕووبەڕوى ئاستەنگ دەبنەوە لە بوارەكانی بەشداریكردن و پاراستن و دەركردنی یاسا و سیاسەتەكان، كە مافە مرۆییەكانیان گەرەنتی دەكات .

 

لە بەیاننامەکەدا داواکراوە جێندەر لە پارێزگای كەركوك بە دامەزراوەیی بكرێت بە بەهێزكردنی كارەكان بۆ بەدیهێنانی یەكسانی جێندەریی و تێكەڵكردنی بە سیاسەت و پلان و بەرنامە و دروستكردنی پێكهاتە و میكانیزم و دەركردنی یاسا و دابینكردنی سەرچاوە و هەموو ڕێكارەكان بە ئامانجی دروستكردنی یەكسانی و دادپەروەری لە نێوان ڕەگەزەكاندا.

 

ئەو ڕێکخراوانەى ژنانى کەرکوک لە گردبوونەوەکەدا ئەم داواکارییانەیان خستەڕوو:

- خێرا كردنەوەی پەناگە بۆ ئەو ژنانەی لە توندوتیژی ڕزگاریان بووە .

- تەرخانكردنی كادری ژنی لێهاتوو بۆ لایەنی دەروونی، یاسایی، كۆمەڵایەتی، تەندروستی، كارگێڕی و ئەمنی .

- ‌تەرخانكردنی بودجەیەك بۆ بەڕێوەبردنی پەناگەکە لە چوارچێوەی ڕۆڵی دەوڵەت و پاڵپشتیكردنی ڕزگاربووان بۆ چاكسازی و تێكەڵ بوونیان بە کۆمەڵگە .

- ڕێگە بە ڕێخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بدەن بۆ پشتگیریكردنی پەناگە و ڕزگاربووان.

- دابینكردنی پاراستنی پێویست بۆ شوێنی حەوانەوە و پاراستنی ئەوانەی تێیدان .

- خێراكردن لە ڕێگاكانی دەركردنی یاسای دژ بە توندوتیژی خێزانی .