ژنانی سەمسور: ئەگەر بشمرین خاکی خۆمان بەجێناهێڵین

ژنانی سەمسور کە لە بوومەلەرزەکەدا بیناکانیان وێران بوون، دەڵێن هەرچییەک ڕووبدات، خاکی خۆیان بەجێناهێڵن، "جێهێشتنی ئەو شوێنانە چارەسەر نییە، دەستی یەکدەگرین و لەسەر پێی خۆمان دەمێنینەوە".

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

سەمسور- یەکێک لەو شارانەی کە لە بوومەلەرزەکەدا هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە، سەمسور بوو، ژنانی سەمسور هەوڵ دەدەن درێژە بە ژیانیان بدەن، ئەو هاوڵاتیانەی تەرمەکانیان بە خاک سپێردرا، بە هاوکاری و پاڵپشتی پێکەوە وەستاونەوە، دوای بوومەلەرزەکە ئەو کەسانەی کە ناچار بوون شار بەجێبهێڵن، بەشێکی زۆریان گەڕانەوە بۆ شارەکەی خۆیان، ئەو ژنانەشی شاریان بەجێنەهێشتووە لە گوند و چادردا دەمێننەوە و دەڵێن؛ "ئەمە خاکی ئێمەیە، خاکی خۆمان بەجێناهێڵین".

 

"جێهێشتنی سەمسور چارەسەر نییە"

ڕەمزیە داڵباش کە لە بوومەلەرزەکەدا براکەی و براژنی، برازاکانی و دەیان کەسی خێزانەکەی لەدەستدا، لە ناوچەی کۆمورای سەمسور دەژی، چەند ڕۆژێک لەناو ئۆتۆمبێلدا ماونەتەوە و وەک خۆبەخشێک هاوکارە لەو خواردنانەی کە ئامادەدەکرێن، باسی لە هۆکاری دەرنەچوون لە شارەکە کرد و وتی: بۆ هەر کوێیەک بچین، سەمسور لەگەڵمان دێت و جێهێشتنی شار چارەسەر نییە، ئێمە گەلەکەمان بەجێناهێڵین کە لە بوومەلەرزەکەدا لەدەستمان داوە. لە ڕۆژی بوومەلەرزەکەدا زۆر هەژاین، کە ڕۆیشتینە دەرەوە باران و زریان بوو، دواتر چووینە ناو ئۆتۆمبێلەکان و سێ ڕۆژ لەناو ئۆتۆمبێلەکاندا ماینەوە، نان و ئاو نەبوو، زۆر کەسم لە خێزانەکەم لەدەستدا، بەڵام جێهێشتنی سەمسور چارەسەر نییە، هەندێک دەبێت بمێننەوە، ناتوانم بچمە شوێنێکی تر و لەوێ بەردەوام بم، ئەگەر بچمە شارێکی ترییش هۆشم لێرە دەمێنێتەوە، ئێمە بمرین و بمێنینەوە لە خاکی خۆماندا دەبین و ناچم بۆ هیچ شوێنێک.

 

"خەڵک چۆن خاکی خۆیان بەجێدەهێڵن و دەڕۆن"

خەزال داڵباش لە سەمسور و مەلاتیا ئەزموونی بوومەلەرزەکەی کردووە، لە کاتی بوومەلەرزەکەدا هاوژینەکەی لەناو داروپەردوودا بەجێماوە و بە هاوکاری دراوسێکان ڕزگار کراوە، وتی: دوای بوومەلەرزەکە لە چادر و ئۆتۆمبێلەکانماندا ماینەوە، لێرەوە نەچووینە هیچ شوێنێک، ئەگەر بڕۆین چی بکەین؟ ئایا خەڵک خاکی خۆیان بەجێدەهێڵن و دەڕۆن؟ تەنها نەخۆشەکان و ئەوانەی منداڵیان هەیە ڕۆشتن، ئەو خەڵکەی ڕۆیشتن جارێکی تر گەڕاونەتەوە، دەبێت بێنەوە ئێرە، ئەمە خاکی ئێمەیە، ناتوانین لە خاکی خەڵکی تردا بژین، ئەگەر بتوانین جارێکی تر خانووەکانمان دروست دەکەینەوە، ئەگەر خانووەکانیشمان دروست نەکەینەوە هەر لێرە دەمێنینەوە، ئێمە هیچ نیازێکمان نییە ئەم شوێنە بەجێبهێڵین، دەست بە ژیانەوە دەگرین و لە بەرامبەر هەموو سەختییەکان لە شاردا دەمێنینەوە.