حەلەب، ٢٠ هەزار خوێندکار بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە خوێندن دادەبڕین

بەهۆی بوومەلەرزەکەوە، گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە حەلەب زیانی زۆریان پێگەشتووە و قوتابخانەی گەڕەکەکە بووە بە شوێنی مانەوەی زیانلێکەوتووان، بەمەش ٢٠ هەزار خوێندکار لە خوێندن دابڕاون.

ناوەندی هەواڵ

 

بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا لە ٦ی شوباتدا زۆرێک لە ناوچەکانی سوریا و گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەی لە حەلەب گرتەوە، بەپێی ئامارەکان تا ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا ٨ هەزار و ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی ئەوانەشی بریندار بوون گەشتووەتە ٧ هەزار و ٦٠٠ کەس.

 

بەهۆی بوومەلەرزەكەوە ٥٥٠ باڵەخانە بە تەواوی ڕووخاون و هەزار و ٥٧٠ باڵەخانە بەشێكیان ڕووخاوەن و زیاتر لە پێنج ملیۆن ٣٠٠ هەزار كەسیش ئاوارەبوون، بەهۆی نەگەشتنی هاوکارییەکان و درێژەی گەمارۆدانی حکومەتی دیمەشق و نەبوونی دەرفەت بۆ ئەنجومەنی گشتیی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، قوتابخانەکان کراونە پەناگەی کاتی بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە و خوێندن ڕاگیراوە و ٢٠ هەزار خوێندکار لە خوێندن بێبەش کراون، لە هەردوو گەڕەکەکەشدا ١٥٠ باڵەخانە و خانوو بە تەواوی یان بەشێکی وێران بوون.

 

لە هەردوو گەڕەکەکەدا ١٣ قوتابخانە هەیە، کە ٥ قوتابخانەیان داڵدەدراون، هەروەها ٨ قوتابخانەی دیکەش بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.