"بە بیروبۆچوونەکانی ڕێبەر ئاپۆ بووینە خاوەنی هێز"

دایکانی ئێزدی کە لە دەوری تاژێ بە بیرو فەلسەفەی ژیانی ئازاد و دیموکراتیکی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان خۆیان ڕێکخستووە، ئاماژەیان بەوەدا کە فەلسەفەکەی ئیرادەی ژنان و کۆمەڵگەکانی ئاوەدان کردەوە و لە خەوێکی قورسەوە بەخەبەری هێنان.

ئەمیرە زۆزان

 

شەنگال- ژنانی ئێزدی پاش ئێش و ئازار لە فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤دا چیتر دەستبەرداری ئیرادەی خۆیان و پاراستن و ئازادی خۆیان نابن، بەتایبەتی دوای ناسینەوەی هزر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و ناسینی ڕاستیی خۆیان، ژنان چەکیان هەڵگرت و دژی داعش وعەقڵییەتی نێرینە، چ لە بەرەکانی پێشەوە و چ لەناو کۆمەڵگەکەیان دەستیان بە تێکۆشان کرد، لە ئەنجامی ئەم خەباتە ٨ ساڵەی ژنانی ئێزدیدا باوەڕیان بەهێز بوو و پێشەنگی کۆمەڵگەکەیان بوون و سەریان بۆ هیچ دەسەڵاتێکی تاڵان و داگیرکەر دانەنەواند.

 

لە ساڵیادی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا، کە لە ٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ەوە دەستیپێکرد و بە ڕفاندنی ڕێبەری عەبدوڵا ئۆجالان لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا بەردەوام بوو، تا ئەمڕۆش گۆشەگیری توند بەڕێوەدەبرێت و دایکانی شەنگال بۆچوونی خۆیان خستەڕوو.

 

"ئەرکی هەموومان ئەوەیە گۆشەگیری تێکبشکێنین"

کەمۆ عومەر، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ ڕایگەیاند، کە هیچ دیوارێک ڕێگر نابێت لە بیرە ئازادەکان و وتی: ڕێبەر ئاپۆ ماوەی ٢٥ ساڵە لە زینداندا بە دیل گیراوە و بەرخۆدانێکی گەورە لە چوار دیواردا دەکرێت، ڕێبەر ئاپۆ ڕایگەیاند، کە هیچ دیوار و دەسەڵاتێک ناتوانێت ڕێگر بێت لە هزر و ئایدیاکانی ئازادی، هەرچەندە ماوەی  ٢٥ ساڵە لە زینداندایە، بەڵام فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ گەیشتووەتە هەموو جیهان.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا کەمۆ عومەر داوای لە هەمووان کرد کە بە ئەرکی مرۆیی خۆیان هەستن و گۆشەگیری و زیندان بشکێنن و وتی: ئەمڕۆ پێویستە ڕۆژ و شەو لە مەیدانەکان بین و داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بکەین، هەموو کەسێک لە هەر شوێنێک بێت، هەرچی پێویست بێت لە بەرزترین ئاستدا بیکات، ژنانی ئێزدی لەم قۆناغەدا نابێت هەنگاو بۆ دواوە بنێن و پێویستە لە دەوری بیروبۆچوونەکانی ڕێبەر ئاپۆ کۆببنەوە و خۆیان بەهێز بکەن و ئیرادەیەکی ئازادیان هەبێت.

 

"بۆ ئازادی تێدەکۆشێت"

دایە مەیان شەنگالی، ئاماژەی بە هۆکاری پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات کرد و ڕایگەیاند، کە پیلانگێڕییەکە بە هۆی فەلسەفەی ژیانی ئازادەوە لە دژی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات داڕێژراوە و وتی: ڕێبەرایەتی تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆی و بنەماڵە و پارتەکەی دەستی بە خەبات نەکرد، بەڵکو بۆ ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری و دیموکراسی گەلان خەبات دەکات، بۆیە ئەمڕۆ هەموو دەوڵەتە نێر و سەرمایەدارەکان لە دژی بیرۆکە و فەلسەفەکانی دەجەنگن، چونکە ئازادی و دیموکراسی هەرگیز لە بەرژەوەندی دەوڵەتە دەسەڵاتخوازەکاندا نییە، ئەگەر ئازادی و دادپەروەریی پیادە بکرێت، دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکان لەناودەبرێن، بۆیە دەوڵەتە دەسەڵاتدارە پیلانگێڕەکان هەوڵیاندا بە هەموو شێوازەکانیەوە پیلانیان لە دژی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامداو ڕادەستی دەوڵەتی تورکیایان کرد.

 

مەیان شەنگالی باسی لە گۆڕانکارییەکانی ژنانی ئێزدی کرد دوای فەرمانەکە و وتی: پێش فەرمانەکە ژنانی ئێزدی نەیانتوانی مافی خۆیان داوا بکەن، ئەمڕۆ لە دژی دەوڵەتەکان ڕادەوەستن و تێکۆشانی خۆیان دژی هەموو جیهان ڕادەگەیەنن، ژنانی ئێزدی بە فکر و هزری ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو بوارەکانی ژیانیاندا بۆ ئازادی تێدەکۆشن، ئێمە پێشتر جیاوازیمان لە نێوان ڕاستیەکان و هەڵەکان نەکردووە، چاکە و خراپەکانمان جیا نەکردەوە، بەڵام ئێستا ئێمە بە سەربەرزییەکی زۆرەوە لە دژی زوڵم و زۆرداری ڕادەوەستین و جەستەمان دەکەینە قەڵغان بۆ پاراستنی خاک و کۆمەڵگەکەمان.