شەهبا؛ بۆردومان، کۆچبەری، گەمارۆ و بوومەلەرزە

ژنانی عەفرین کە کۆچبەری کانتۆنی شەهبا بوون، ئاماژە بەوەدەکەن، سەرەڕای ئەو کارەساتەی ڕوویداوە حکومەتی شام بەردەوامی بە گەمارۆی سەر هەرێمەکە دەدات.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- سەدان هەزار کۆچبەری عەفرین لە ١٨ی ئازاری ٢٠١٨ لە ماڵەکانیان کۆچیان کرد و لە کانتۆنی شەهبا و کامپەکانی کۆچبەران لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نیشتەجێ بوون، حکومەتی شام گەمارۆکانی خۆی بۆ سەر کۆچبەرانی عەفرین بەردەوام زیاد دەکات و ڕێگە نادات پێداویستییەکانی هاوڵاتیان بچێتە ناو هەرێمەوە، ئەو بوومەلەرزەیەی کە لە ٦ی شوبات لە مەرەش ڕوویدا لە شەهبا و حەلەبیش بووە هۆی وێرانکاری.

 

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەپێی دەرفەتەکان پێداویستیەکانی خەڵک دابین دەکات و خاوەنداری خەڵکی خۆی دەکات، لەسەر ئەم بابەتە ژنانی عەفرین، کە لە کامپی بەرخۆدان لە ناوچەی فافینی شەهبا نیشتەجێ بوون، بۆچوونی خۆیان دەربڕی.

 

هاوکاری لەلایەن خۆبەڕێوەبەرییەوە

زاهیدە خیلۆ باسی لە بەردەوامی گەمارۆکانی حکومەتی شام کرد و وتی: ئێمە لە چادری کۆچبەرییدا دەژین، دوای کارەساتەکە و بوومەلەرزەکە خەڵکی حەلەب بۆ سەلامەتی ڕوویان لە گەلەکەمان کرد، ماڵی هاوڵاتیان ڕووخان و زیانێکی زۆری لێکەوتەوە، سەرەڕای ئەم کارەساتە حکومەتی شام تا ئێستا بەردەوامە لە گەمارۆکانی لەسەرمان و سوتەمەنی و گاز و پێداویستییەکانی خەڵک ناچێتە ناو هەرێمەوە، ئێمە لە وەرزی زستانداین و پێویستمان بە سوتەمەنی و گاز هەیە، لەو کارەساتەی کە لە جندرێس ڕوویدا، ١٠ کەس لە خێزانەکەم لە ژێر بینا ڕووخاوەکاندا گیانیان لەدەستدا، ئازارمان زۆر گەورەیە و حکومەتی شامیش یارمەتیمان نادات خۆبەڕێوەبەری بەپێی دەرفەتەکان یارمەتیمان دەدات، بەڵام گەمارۆکە فشاری قورس دروستدەکات، پێویستە پێداویستییەکانی خەڵکی حەلەب کە هاتوون دابین بکرێت.

 

گەمارۆ و ڕێگرییەکانی شام بەردەوامە

فاتیمە عەلۆش دووپاتی کردەوە کە سەرەڕای زیانەکانی بوومەلەرزەکە دۆخەکە خراپتر بووە و وتی: ماوەی پێنج ساڵە کۆچبەرین و حکومەتی شامیش فشار دەخاتە سەرمان، سەرەڕای ئەو بوومەلەرزەیە و ئەو زیانە گەورەیەی کە بە ئێمە گەیشتووە، بەڵام هێشتا حکومەتی شام گەمارۆکانی خۆی لەسەر ناوچەکە هەڵنەگرتووە و ڕێژەی پێداویستییەکانی ماڵەکانیش گرانە و خەڵکیش ناتوانن هیچ شتێک بکڕن لەم دۆخەدا دەبێت ئەو گەمارۆیە هەڵبگیردرێت و یارمەتیی خەڵک بدرێت.