هەدەپە هۆشداری لەبارەی ناردنی هاوکارییەکانەوە دەدات

هەدەپە ڕایگەیاند کە دەوڵەتی تورکیا دەست بەسەر هاوکارییەکاندا دەگرێت، بۆیە باشترە بۆ باکوور پارە و بۆ ڕۆژئاوا کەلوپەل و پێداویستی ڕەوانە بکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

نوێنەرایەتى هەدەپە لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بۆ ڕایگشتی بڵاوکردەوە و تیشک دەخاتەسەر ئەوەی، ئاکەپە و دەوڵەتى تورک دەست بەسەر سەرجەم ئەو کۆمەک و هاوکارییەکانەدا دەگرێت کە لە هەرێمی کوردستان و هەر ناوچە و وڵاتێکەوە دەنێردرێتە باکووری کوردستان، بۆیە داوا لە هاوڵاتیان و چالاکوانان و ڕێکخراوەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات وەک هاوکاریی بۆ باکووری کوردستان تەنیا پارە کۆبکرێتەوە نەک پێداویستى ڕۆژانە.

 

 هەدەپە جەختیکردوەتەوە، کە هەر کۆمەک و هاوکارییەک ڕەوانەى باکووری کوردستان بکرێت لەلایەن ئاکەپە و دەوڵەتی تورکەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و لە چەند ڕۆژی رابردووشدا ژمارەیەکى زۆر هاوکاری گەیشتوونەتە باکووری کوردستان، بەڵام لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە دەستى بەسەرداگیراوە و نەگەشتووەتە دەست لێقەوماوانى بوومەلەرزەکە.

 

هەدەپە دەشڵێت: داوا لە هاوڵاتیان دەکەین پارەکانیان ڕادەستى ئەو لایەنانە بکەن کە سەرپەرشتى کەمپینەکان دەکەن، چونکە پارە هیچ کێشەی نییە و کۆمەکی دارایی دەگاتە شوێنی خۆی و گرفتی نابێ، بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ئاساییە کە کۆمەک و هاوکارییەکان پارە یان هەر پێداویستییەکى دیکە بێت و هیچ ڕێگری و بەربەستێک نییە بۆ گەیشتنی هاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.