کەمپینی "هانا" بۆ زیانلێکەوتووانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان

دوای ڕوودانی بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان کە بە هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا و ئاوارە بوون، لە باشووری کوردستان کەمپینی هانا بۆ هاوکاریکردنی ئەو خێزانانە دەستیپێکرد.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە کارگەی جگەرەکە لە شاری سلێمانی کەمپینی هانا لەلایەن چەند چالاکوان و ئازایخوازان و کەسایەتی سیاسی کوردستان دەستیپێکرد بۆ هاوکاری کردنی ئەو خێزانانەی کە لە ڕووداوی بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستاندا زیانیان لێکەوتووە.

 

لە کەمپینەکەدا زیاتر گەرمکەرەوە و شیر و دایبی کۆدەکرێتەوە لەبەر ساردی کەشوهەوا، کەمپینەکە لە کاتژمێر ٩:٠٠ی بەیانی دەستپێدەکات و تا ٥:٠٠ی ئێوارە دەخایەنێت، بڕیاریشە تا ٧ ڕۆژی تر بەردەوام بێت، داوا دەکرێت کە خەڵکی باشووری کوردستان و بەتایبەت شاری سلێمانی بە دەم کەمپینەکەوە بێن بۆ گەیاندنی هاوکارییەکانیان.

 

"دەبێت خۆمان بە بەرپرسیار بزانین بەرامبەر خەڵکی باکوور و ڕۆژئاوا"

سۆنیا ئەحمەد، چالاکوان، کە بەشدارە لە کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بەوەدا، "ئەم کەمپینەمان ڕێکخست بۆ بە هانەوەچوونی ئەو کەسانەی کە لە کارەساتی بوومەلەرزەکەدا زیان بەرکەوتووە، کارەساتێکی دڵ تەزێنە بۆ ئێمەی کورد و خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین بەرامبەر خەڵکی باکوور و ڕۆژئاوا، ماوەی ٧ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی هاوکارییەکان بگاتە دەستی زیانلێکەوتووان، زیاتر بەتانی، گەرمکەرەوە، شیر و دایبی پێویستە چونکە لە ئێستادا کەشوهەوا ساردە.

 

هەروەها وتیشی"پێویستە ئێمەش وەکو گەلی کورد هاوکاری ئەو خێزانانە بکەین، چونکە هەموومان کوردی یەک پارچەین و گیانی هاوکاریمان هەیە، داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەین بەشداربن و هاوکارییەکانیان لە ڕێگەی ئەم کەمپینەوە بگەیەنن".

 

ڕاگەیاندنی کەمپینی "هانا" لە کاتیکدایە لە ٦ی شوبات باكوور و ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی ٧.٦ بوویەوە و بە هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا و بە ملیۆنان کەسیش بریندار و بێ ماڵ و حاڵ بوون، ئەم کارەساتە دڵ تەزێنەش وای لە گەلی باشووری کوردستان کرد هەست بە بەرپرسیارێتی بکات و دەست بکات بە ڕاگەیاندنی کەمپین بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووان.