سلێمانی، چالاکییەکانی شەرمەزارکردنی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی دەستپیدەکات

بە دروشمی "کاتی کۆتاییهێنانە بە پلانگێڕی نێودەوڵەتی" چالاکییەکانی شەرمەزارکردنی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی لە باشووری کوردستان دەستپێدەکات و بانگەوازی کرا "پێویستە بە بەشداری بەرفراوان کۆتایی بەم شەرمەی سەر مرۆڤایەتی بهێنین".

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە سەرکۆی ئازادی پارکی ئازادی شاری سلێمانی، کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان، بە بەشداری ژمارەیەک لە چالاکوان، کەسایەتی سیاسی و مەدەنی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان بەست و کار و چالاکییەکانی مانگی شوباتیان دژ بە پلانگێڕی نێودەوڵەتی بەرامبەر ڕێبەری  گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان ئاشکرا کرد.

 

بەیاننامەی کۆمیتەی ئازادی بۆ ئۆجالان لەلایەن نەورۆز فازیل، چالاکوانی سیاسی و ئەندامی کۆمیتەکە خوێندرایەوە و تێیدا هاتووە، "٢٥ەمین ساڵیادی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دەکەینەوە، کە لە کەسێتی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالاندا تەواوی خەڵکی کوردستان و گەلانی ناوچەکە و مرۆڤایەتی ئازادیخواز بەئامانج گیرا، پیلانگێڕیەک کە لە کرۆکی خۆیدا گوزارشت لە درێژەدان و بەردەوامیدان بەشەوەزەنگ و سەد ساڵێکی دیکەی پڕ لە تاریکی و کۆمەڵکوژی و ماڵوێرانی بەسەر کورداندا دەکات".

 

لە بەیاننامەکەدا باس لەوەکراوە "چەندین ساڵە چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورددا ئەنجام نەدراوە و ماوەی ٢٢ مانگیشە هیچ ئاگایی و زانیارییەک لەسەر دۆخی ژیان و تەندروستی بەڕێزیان نییە، هاوکات لەناو گۆشەگیری و ئەشکەنجەیەکی سەختی دەروونیدا ژیانی لە ئیمڕاڵی بەسەر دەبات، ڕێکخراوی دژی ئەشکەنجەی سەر بە کۆنسەی ئەوروپا- سی پی تی، کە بەرپرسی یەکەمە لە دۆسیەی ماف و ژیان و تەندروستی زیندانیانی ئیمڕاڵی، هیچ کات بە ئەرکی یاسایی و ئەخلاقی خۆیان هەڵنەستاون و وەک پارچەیەکی پیلانگێڕی مامەڵەیان لەگەڵ دۆخی ئیمڕاڵیدا کردووە، ئەمەش زۆر بەزەقی لە لێدوان و ڕەفتار و شێوازی مامەڵەی ئەم دواییەیان دەرهەق بە ڕەوشی زیندانیانی ئیمڕاڵی دەرکەوت، ئەمەش درێژەدانە بە پیلانگێڕی نێودەوڵەتی لە ئاستی هەرە سەخت و دژواری خۆیدا".

 

کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان لە ٢٥ەمین ساڵیادی پیلانگێڕی نێودەوڵەتیی ١٥ی شوباتدا بە دروشمی "ئیدی بەسە، کات کاتی ئازادی عەبدوڵا ئۆجالانە" و "کات کاتی کۆتاییهێنانە بە پلانگێڕی نێودەوڵەتی" زنجیرە چالاکییەک لە باشووری کوردستان بەڕێوەدەبات، کۆمیتەکە بانگەوازی بەشداری دەکات و دەڵێت: بانگەوازی لە گەلەکەمان و تەواوی خەڵکی ئازادیخواز ئەکەین کە بەشداری هەڵمەت و چالاکی ناڕەزایی دژ بە گۆشەگیری سەخت و هێزە پیلانگێڕەکان بکەن و شان بەشانی گەلەکەمان لە پارچەکانی تری کوردستان کۆتایی بەم شەرمەی سەر مرۆڤایەتی بهێنین، پێویستە هەمووان بە جۆش خرۆشەوە لەناو ئەم زنجیرە چالاکی و هەڵمەتەدا جێگەی خۆمان بگرین و بەرەو ئازادی و سەرکەوتنی یەکجارەکی هەنگاو بنێین".