بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان لە سلێمانی دایكان و باوكان ئاگادار دەكاتەوە

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵان دایكان و باوكان ئاگادار دەكاتەوە، كە شەپۆلێكی تا و كۆكە و هەناسە توندی لەناو منداڵاندا بڵاوبووەتەوە، لەكاتی پێویستدا سەردانی نەخۆشخانە بكەن.

ناوەندی هەواڵ

 

دكتۆر پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵان، لە لاپەڕەی فەرمی خۆی بڵاویكردووەتەوە، لە ئێستادا شەپۆلێكی تا و كۆكە و هەناسە توندی و خیزەی سنگ لەناو منداڵاندا بڵاوبووەتەوە بە تایبەت منداڵانی خوار تەمەن دوو ساڵ، بەشێك لە توشبووان منداڵی تازە لەدایكبوون، بەشی هەرە زۆریان توشبووی ڤایرۆسین، بەشێكی كەمیشیان توشبووی بەكتریان.

 

ڕونیشیكردووەتەوە، ئەگەر حاڵەتەكان سووك بوون ئەكرێت هەر لە ماڵەوە چارەسەر بكرێن، بەڵام ئەگەر هەناسەیان زۆر توند بوو، شیر خواردن یاخود خواردنیان باش نەبوو، لێو شین بوونەوەیان هەبوو، گەشكەیان تووشبوو، هۆشیان خراپ بوو، نیشانەكانی وشكبوونەوەیان هەبوو، تەمەنیان بچووكتر بوو لە ساڵ یاخود ڕشانەوەیان هەبوو، دەبێت بەزووترین كات سەردانی نەخۆشخانە بكەن بۆ ئەوەی پزیشكی پسپۆڕ چارەسەر بۆ منداڵەكە بكات.

 

هەروەها داوا لە دایكان و باوكان دەكات، خۆیان بەدووربگرن لە دەرمان و پشکنینی ناپێویست، چونكە هەزاران جار مەترسیدارترە لە خودی نەخۆشیەكە، ئەگەر پێویستی نەبێت.