خوێندکارانی زانکۆی کۆبانێ: ئێمە بەرخۆدانی ڕۆژهەڵات بە بنەما دەگرین

سەدان خوێندکاری زانکۆی کۆبانێ ڕێپێوانیان ئەنجامدا و ڕایانگەیاند، سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی” بۆ ژن و كۆمەڵگەیە و بەرخۆدانی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشوازی دەکەین.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ بە سەدان خوێندکاری زانکۆی کۆبانێ، لە شاری کۆبانێی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕێپێوانێکیان بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی گەلی کورد و گەلانی ئێران بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد و بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی ڕێکخست و ڕایانگەیاند پشتیوانی خۆیان دووپات دەکەنەوە.

 

ڕێپێوانەكە لە زانكۆی كۆبانێ-وە دەستیپێكرد و تا گۆڕەپانی ژنی ئازاد بەردەوام بوو و خوێندكاران دروشمەكانی "ژن، ژیان، ئازادی" و "شەهید نامرن"یان بەرزكردەوە، دوای ڕێزگرتن لە شەهیدانی ڕێگەی ئازادی، ڕۆڤین تەنی، خوێندکار، بەیاننامەی خوێندکارانی خوێندەوە و تێیدا هاتووە، ماوەی ١٢١ ڕۆژە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان سەرهەڵدان بەردەوامە و ئەم سەرهەڵدانەش لە دوای كوشتنی ژینا ئەمینی دەستیپێكردووە و ژنان و گەلان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دژی كوژرانی ڕاپەڕیون.

 

لە كۆتاییشدا هاتووە، سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ هەموو ژن و كۆمەڵگەیە، ئێمەی خوێندكار و ژنانی گەنج ئەم بەرخۆدانە بە بنەمایە دەگرین و پێشوازی لەم ڕاپەڕینە دەكەین و دەڵێین لەگەڵتانین.