کەمی خۆراک لە هەندێک وڵات دوو هێندە دەبێت

ساڵی ٢٠٢٣ قەیرانی ئابووری زیاد دەکات و نزیکەی ٣٠ ملیۆن منداڵ لە ١٥ وڵاتدا ڕووبەڕووی قەیرانی برسێتی دەبنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

شارەزایان و چاودێران پێشبینی دەکەن لە ماوەی ئەمساڵی ٢٠٢٣دا وڵاتانی جیهان شاهیدی قەیرانی نوێ بن، سەبارەت بە دابینکردنی خۆراکی سەرەتایی بۆ هاوڵاتیانیان، لەکاتێکدا پێشبینی دەکرێت ڕێژەی کەمیی خۆراکی توند لە هەندێک وڵات دوو هێندە زیاد بکات.

 

لە ڕاپۆرتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لە خراپتربوونی قەیرانی کەمی خۆراک لە جیهاندا و جەختی لەوە کردەوە کە نزیکەی ٣٠ ملیۆن منداڵ لە ١٥ وڵاتدا ڕووبەڕووی قەیرانی برسێتی دەبنەوە.

 

هۆکارەکانی دروستبوونی قەیرانی خۆراک دەگەڕێتەوە بۆ داڕمانی ئابووری جیهانی کە بەهۆی شەڕی شەڕی ئۆکراینا و پەتای کۆرۆنادا بە خێرایی بەرز بووەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە قەیرانی ئابووری کاریگەری دەخاتەسەر هەموو وڵاتانی جیهان بەبێ جیاوازی، بەو پێیەی ئابوورییە گەورەکان شاهیدی ڕێژەی هەڵاوسانی بێ وێنەیە و کەمیی کەرەستەی بنەڕەتی بەتایبەتی نەوت هۆکارە.

 

وڵاتانی تازەپێگەیشتو و هەژار بەهۆی دابەزینی ڕێژەی گەشەکردن و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری و بەرزبوونەوەی نرخی هەموو کاڵا و بەرهەمەکان دەناڵێنن، ڕێکخراوە مرۆییەکانیش ناتوانن ئەو پێویستییە پڕبکەنەوە بۆ خۆراک و دەرمانی سەرەتایی لەبەر چەند هۆکارێک، گرنگترینیان شەڕ و ململانێیە کە ڕێگری لە پرۆسەی گەیشتنی هاوکارییەکان دەکات.

 

لە ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لیستی ئەو ١٥ وڵاتە بڵاوکراوەتەوە، کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی قەیرانی خۆراکەوە، ئەوانیش ئەفغانستان، بورکینافاسۆ، چاد، کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، ئەسیوپیا، هایتی، کینیا، مەدەگەشقەر، مالی، نەیجەر، نەیجیریا، . سۆماڵ، سودان، باشووری سودان و یەمەن.