ئێران هەوڵی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان بە دەستگیرکردن دەدات

دوای سەرهەڵدانی ڕاپەڕین لە ئێران، سەدان کەس لەپێناو سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکاندا لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە بڕیاری دەستگیرکردن و سزادانیان بەسەردا دەسەپێنرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

زیاتر لە سێ مانگە ڕاپەڕین و ناڕەزایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە، سەدان کەس لەپێناو سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکاندا لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە بڕیاری دەستگیرکردن و سزادانیان بەسەردا دەسەپێنرێت، هاوکات لەگەڵ ئازادکردنی بەشێک لە چالاکوانان، ماوەی دەستبەسەرکردنی بەشێک لە چالاکوانانی دیکە درێژدەکرێتەوە و دادگاییکردنیان دەگۆڕێت بۆ ئەشکەنجە.

 

فاتمە سپهەری دەستبەسەرکردنی درێژکرایەوە

فاتمە سپهەری، چالاکی مافی مرۆڤ و ژنان، لە زیندانی وەکیل ئابادی شاری مەشهەد زیندانی کراوە و بەبێ پێدانی بەڵگە بە پارێزەرەکانی، بۆ جاری سێیەم ماوەی دەستبەسەرکردنی درێژکراوەتەوە.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خوشکەکەی دوایین زانیاریی سەبارەت بە فاتمە بڵاوکردەوە، کە ساڵانێکە بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانی و کاری مافی مرۆڤەوە لە زیندانەکانی ئێراندایە، ئاماژەی بەوەدا کە درێژکردنەوەی سزاکەی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پارێزەر و خێزانەکەی بووە، باس لەوەشدەکات کە فاتمە سپهەری ماوەیەکی کەم پێش ئێستا بە هۆی کیسی دەستی چەپی دوو نەشتەرگەری بۆ کراوە و پێویستی بە چارەسەری دیکە هەیە.

 

داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ داوای ئازادکردنی فاتمە سپهەری و دەستلەکارکێشانەوەی خومەینی دەکەن و بە هاشتاگی #FreeFatemehSpehri درێژە بە هەڵمەتەکە دەدەن.

 

پارێزەر ئیلهام زراعەت پیشە دەستگیرکرا

هیجران ئاغایی، پارێزەری ئیلهام زراعەت پیشە، ڕایگەیەند کە ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی فارس و پارێزەر ئیلهام زراعەت پیشە دەستگیرکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

 

سەبا شیعردۆست بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

هەروەها ڕۆژنامەنووس و پارێزەری مافی مرۆڤی ئێرانی، سەبا شیعردۆست ، دوێنێ لەژێر چاودێریی دادوەری و بە دانانی بارمتە ئازادکرا، بەڵام دادگاییکردنی ئەو چالاکوانە بەردەوام دەبێت.

 

سەبا شیعردۆست کە هەواڵ و نووسینەکانی سەبارەت بە ڕاپەڕینەکان وەک بیانوویەک پیشاندرا، هەروەها میلا فدایی ئەسل، هاوژینی سەبا، ماوەیەک پێش ئێستا بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەڤین ئازاد کرابوو، لە تۆڕی ئینستاگرام نووسیویەتی: پاش بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا لەسەر تۆمەتەکانی سەبا شیعردۆست لە لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

 

موژگان کاووسی سزای بەسەردا سەپێنرا

دوێنێ، ٣ی کانوونی دووەم، موژگان کاووسی، زیندانی سیاسی پێشوو، دوای ١٠٠ ڕۆژ لە دەستگیرکردنی، بە دانانی بارمتەی ٣ ملیار تمەن بە شێوەی کاتی لە زیندانی قایمشهر ئازاد کرا، لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ساری بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و هاوکاری دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی" بە ٣٩ مانگ زیندان سزای موژگانی داوە، بە "سووکایەتیکردن بە خامنەیی و خومەینی" ١٥ مانگ سزا و بە تۆمەتی "چالاکی هۆشیاری دژی ڕژێم" سزای ٨ مانگ زیندانی بەسەردا سەپاند و لە تۆمەتی "گەندەڵی لە خاکدا" بێتاوان دەرچوو.