٢٠ ملیۆن منداڵ لە کیشوەری ئەفریقا گیرۆدەی نەخۆشی و برسێتی بوون

نەتەوە یەکگرتووەکان ھۆشداری دەدات لە ڕەوشی منداڵانی کیشوەری ئەفریقا و دەڵێت، لە ماوەی ٥ مانگدا ژمارەی ئەو منداڵانەی لە سۆماڵ و ئەسیوبیا و کینیا گیرۆدەی نەخۆشی و برسێتی بوون گەیشتووەتە ٢٠ ملیۆن منداڵ.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی یونسێف ئاشکرایکردووە، بەھۆی گۆڕانکارییەکانی ژینگە و کەشوهەوا، جەنگ و کەمی دانەوێڵە، لە ھەرسێ وڵاتی  سۆماڵ و کینیا و ئەسیوبیا ٢٠ ملیۆن منداڵ ڕووبەڕووی برسێتی توند و نەخۆشی و تیونێتی بوونەتەوە.

 

ڕێکخراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا تەنھا ١٠ ملیۆن منداڵ بووە، بەڵام بەشێوەیەکی خێرا ژمارەی منداڵان زیادیکردووە و ئەوەش مەترسییە بۆ سەر ژیانی منداڵان بە تەواوی.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ھەرسێ وڵات  نزیکەی دوو ملیۆن منداڵ دووچاری بەدخۆراکی توند بوون پێویستیان بە چارەسەرە ، دوو ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار منداڵیش بەھۆی وشکە ساڵییەوە ناچنە قوتابخانە و ٤ ملیۆن منداڵی تریش ڕووبەڕووی مەترسی وازھێنان لە قوتابخانە بوونەتەوە.