ڕاپەڕین بەردەوامە و گوڵ لەسەر گۆڕی گیانفیدایان دانرا

شەوی ڕابردوو لە زۆربەی شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناڕەزایەتی بەرفراوان ئەنجامدرا و شۆڕشگێڕان گوڵیان بەسەر گۆڕی مردووەکاندا باراند.

ناوەندی هەواڵ

 

لەکاتێکدا زیاتر لە سێ مانگە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی کورد و گەلانی دیکەی ئێران دژی ڕژێمی ئێران بەردەوامە، شەوی ڕابردوو ئازادیخوازان لە شارە جیاجیاکان هاتنەسەر شەقامەکان و دژی کۆماری ئیسلامی تا بەیانی شەڕیان کرد.

 

سەرەڕای دۆخی توندی ئەمنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بڵاوەپێکردنی هێزەکانی سەر بە ڕژێم لە هەموو بەشەکانی شارەکان، هەڕەشە و دەستبەسەرکردنی شەوی ڕابردوو لە سنە، مەهاباد، کرماشان، ئیلام، ورمێ، مەریوان، بوکان، کامیاران و شارەکانی دیکە بەردەوامی هەبوو، بەڵام شۆڕشگێڕان بە وتنەوەی دروشمی دژ بە ڕژێمی ئێران، سووتاندنی لافیتە و شوێنە پەیوەندیدارەکان بە سوپای پاسدارانی، داگیرساندنی ئاگر، ماتەمینی گڵکۆی شەهیدان درێژەیان بە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی خۆیان دا و جەختیان لە درێژەدان بە شۆڕشکردەوە تا گەیشتن بە ئازادی.

 

بەپێی ئەو هەواڵانەی شەوی ڕابردوو لە تاران، کەرەج، ڕودبار، مەشهەد، ئیسفەهان، تەبرێز، قوم، شیراز، کرمان، فیرۆزاباد و چەند شارێکی دیکە بڵاوکراونەتەوە، خۆپیشاندەران بە دەرکەوتن لە شەقامەکان و وتنەوەی دروشمەکانی دژ بە ڕژێم لە شەو تا بەرەبەیانی درێژەیان بە شۆڕشەکەیاندا.

 

باس لەوەش کراوە کە لە شاری ئێکبەتانی تاران، هێزەکانی بەسیج تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی قوربانی و زیانەکانی گیانی لەبەردەستدا نییە، هەروەها هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی ئێران بە کەڵک وەرگرتن لە چەکی قورس هێرشیان کردە سەر گوندێکی ئیزە و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا سێ کەسی شارەکە گیانیان لەدەستدا.