دوو ژنی کورد خەڵاتی جیهانی وەردەگرن

ژنانی کورد بە تواناکانیان لە وڵاتانی دەرەوە لە بوارەکانی مافی مرۆڤ و چەندین بواری دیکە دەبنە براوەی خاڵاتە جیهانییەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

شەنگە ڕەحیم، ژنێکی کوردی چالاکوانی بواری مافی ژنانە لە وڵاتی کەنەدا، خەڵاتێکی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە بواری مافەکانی مرۆڤ پێبەخشراوە.

 

خەڵاتەکە لەلایەن کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکانی کەنەدا لقی ڤانکۆڤەرەوە ساڵانە تایبەت دەبەخشرێت بە باشترینی ناو ئەو کەسانەی لە بوارەکانی مافی مرۆڤ لە وڵاتەکەدا کاردەکەن، بەهۆی چالاکییەکانییەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بەخشراوەتە شەنگە ڕەحیم.

 

ماوەی ١٤ ساڵە شەنگە وەک رۆژنامە و چالاکی بواری مافەکانی مرۆڤ و بەتایبەت مافەکانی ژنان سەرەتا لە کوردستان و ئێستاش لە کەنەدا کاردەکات، بەشێک لە کارەکانی پێشتر لەگەڵ چەند ڕێکخراوێکی کوردیدا بووە لە کوردستان وەک، رێکخراوی وادی، رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان، کاری رۆژنامەوانی لە هەریەک لە دەزگاکانی ئاوێنە، هاوڵاتی و رۆژنامەی مافی ژن کردووە، لە ئێستاشدا ڕێکخەری Shoe projecta کە ئامانج لێی پێشکەشکردنی وۆرکشۆپی نوسینە بۆ ژنانی کۆچبەری کەنەدا کە لەلایەن نوسەری کەنەدی "کاسرین گۆڤیەر" دامەزراوە و لە چەند هەرێمێکی کەنەدا بەڕێوەدەبرێت، شەنگەش وەک رێکخەری ناوخۆی شاری ڤانکوڤەر کار دەکات بۆ ئەم پرۆژەیە

 

لەلایەکی دیکەوە د. هەمیلە عەبدولستار، سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری RT بانک، بۆ سێیەم ساڵ لەسەر یەک بووە براوەی خەڵاتی فەخری عەرەبی و بەم خەڵاتەش هەمیلە بووە یەکەم کەس لە مێژووی عێراقدا بۆ جاری سێهەم ببێتە براوەی ئەم خەڵاتە.

 

خەڵاتەکە ساڵانە دەدرێتە ئەو کەسانەی لە بواری ئابوریدا زیرەک و لێهاتوون، کاری داهێنەرانە ئەنجامدەدەن و دەبنە هۆی پێشکەوتنی ئابوری وڵاتەکە.