ژمارەی گیان بەختکردووانی ڕاپەڕینی گەلان گەیشتە ٤٥٨ کەس

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، ژمارەی گیان بەختکردووانی ڕاپەڕینی گەلانی ئێرانی لە سێ مانگی ڕابردوودا بە ٤٥٨ کەس ڕاگەیاند.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، کە بنکەکەی لە ئۆسلۆی پایتەختی وڵاتی نەرویجە، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە ١٦ی ئەیلولەوە لە ماوەی ڕاپەڕینی گەلاندا تا ئێستادا لانیکەم ٤٥٨ کەس بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.

 

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی دەست ڕێکخراوی مافی مرۆڤ کەوتوون، لانیکەم ٦٣ لەو کەسانەی گیانیان بەختکردووە تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بووە و ٩ لەو منداڵانەش کچ بوون. هێشتا زانیاری لەبارەی ناسنامە و تەمەنی کوژراوەکانەوە نازانرێت، هەوڵەکانیش بۆ کۆکردنەوەی زانیاری بەردەوامە، دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی سێشەممە، ٦ی کانوونی یەکەم، حوکمی لەسێدارەدانی پێنج کەس لەو کەسانەی کە بەم دواییە دەستبەسەرکراون، ڕاگەیاند. بەم شێوەیە ژمارەی ئەوانەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، لانیکەم گەیشتووەتە ١١ کەس.

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەسێدارەدانی ناڕازییە دەستبەسەرکراوەکان بە پێچەوانەی هەموو پێوەرەکانی مافی مرۆڤ دەزانێت و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، نیشان بدەن، مەحمود ئەمیری مقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەو بارەیەوە وتی: دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان لە دادگاکانی نمایشی حکومەت، کە کەمترین پێوەرەکانی لێکۆڵینەوەی دادپەروەرانەیان نییە، پلاندانانە بۆ درێژەدان بە سەرکوتی ناڕازییان، پلاندانان بۆ ئەم جۆرە تاوانانە پێویستە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە وەڵامێکی توند بدرێتەوە.