ڕانیە، لە سیمینارێکدا هۆکارەکانی توندوتیژی و چارەسەری خرایەڕوو
ڕێکخراوەکانی ژنان لە شاری ڕانیە سیمینارێکیان دەربارەی توندوتیژی و هۆکارەکانی پێشکەشکرد و ئاماژەیان بەوەدا کە پیاوسالاری هۆکاری بەردەوامی توندوتیژییەکانە.
دیڤان سیهاد
ڕاپەڕین- دوێنێ شاری ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، لە چوارچێوەی چالاکییەکان بۆ هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ڕێخراوەکانی ژنان و چالاکوانانی شارەکە سیمینارێکیان دەربارەی توندوتیژییەکان و چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی هۆشیاری بەناو ژناندا ڕێکخست، هەر لە چالاکییەکەدا پێشبڕکێیەکی پرسیار و وەڵام بۆ بەشدارووانی سیمینارەکە ئەنجامدرا.
پیاوسالاری هۆکاری بەردەوامی توندوتیژییە
ئاشنا حەسەن، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان لە بواری ژنان ئاماژەی بەوەدا کە توندوتیژی لە شارەکەدا بوونی هەیە، "ئێمە لە هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی هەڵمەتمان دەستپێکردووە و بەردەوامیش کۆڕ و سیمینار بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان بەڕێوەدەبەین، ئامانجمانە لەناو ژنان و پیاواندا ڕیشەی توندوتیژی کەم بکەینەوە".
ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوەدا کە پیاوسالاری هۆکارێکی سەرەکییە کە توندوتیژییەکان بەردەوامن، وتیشی: هیوادارین کە ڕێگایەک بدۆزرێتەوە بۆ کەمکردنەوەی ئەم توندوتیژیانە".
نەسرین حەمەدئەمین، چالاکوانی ژنان، ئاماژەی بە بەرزی ڕێژەی توندوتیژی لە دەڤەری ڕاپەڕین کرد و وتی: بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە دەڤەرەکەماندا توندوتیژیەکی زۆر هەیە لە کوشتنی ژنان و سوتاندنیان، لە تیرۆرکردنیان و سوکایەتی پێکردنیان، ئەمەش لەناو خێزان و کۆمەڵگە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونی هەیە و ژنان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە و گیروگرفت دەبنەوە، ئێمەش وەکو ڕێخراوەکانی ژنان ئەم هەڵمەتەمان دەستپێکردوە بۆ هۆشیارکردنەوەی خێزانەکان و پیاوان.
ئەو چالاکوانە جەخت لە بوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە ناو کۆمەڵگەدا دەکاتەوە و دەڵێت: ئەقڵیەتی پیاوسالاری زۆر بەرفراوانە، لەگەڵ ئەوەدا پێویستی بە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە هەیە.
"ژنان بە ناوی شەرەفەوە دەکوژرێن"
ئامینە ئەحمەد، چالاکوانی ژنان، ئاماژەی بە کوشتنی ژنان دا و وتی: دەڤەرەکەی ئێمە بێبەش نییە لە توندوتیژی، ژنان بە بۆنەی ناموس و بە بیانووی جۆراوجۆرەوە ئیهانە دەکرێن و دەکوژرێن و بێسەروشوێن دەبن، خێزانەکان ناهێڵن لە ماڵەوە بێنە دەرەوە و لەناو دیواردا زیندانیان کردوون، ئێمە ژنین و ژن دەبێتە سەرۆک وەزیران، ئێمە چیمان کەمترە.
ڕێزان حسێن، چالاکوانی ژنان، ئاماژەی بە چالاکییەکەیان دا و وتی: دەمانەوێت چالاکییەکی گەورە ئەنجام بدەین لەگەڵ هەموو ڕێخراوەکانی ژنان لە دەڤەرەکەمان و بیتوێن و پشدەریش، ئێمە بەردەوام دەبین لەم چالاکییانە، ئامانجمان هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و کەمکردنەوەی توندوتیژییەکانە لە ناوچەکەدا.