ژنانی شەنگال: بێدەنگی هانی دەوڵەتی تورک دەدات

ژنانی شەنگال کە دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەوڵەتی تورک کاردانەوەیان نیشاندا، بێدەنگی دەزگاکانی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاییان شەرمەزارکرد و وتیان: "دەوڵەتی تورک بەو بێدەنگیەی کە هەیە هاندراوە".

شیلان ئێزدی

 

شەنگال- کاردانەوەکان لە دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لەسەرتاسەری جیهان و کوردستان بەردەوام لە گەشەکردندایە و دامەزراوەکانی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی وەک ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی "OPCW" و مافەکانی مرۆڤ بەرامبەر ئەو بارودۆخەدا بێدەنگن و ژنانی شەنگالیش کاردانەوەیان بەرامبەر بێدەنگیی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی نیشاندا.

 

"ناسنامەی حەقیقەتن"

کنێ خدر، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی باسی لەوەکرد ماوەی ٦ مانگە دەوڵەتی تورک چەکی کیمیایی لە باشووری کوردستان بەکاردەهێنێت و جیهان لێی بێدەنگە، وتیشی: بەو چەکە کیمیاییانە گەریلاکان شەهید دەکەن، ئێمە داوای دادپەروەری و ویژدان و مرۆڤایەتی لە وڵاتانی جیهان دەکەین، گەریلاکان دروشمی کوردایەتی و ناسنامەی ڕاستین هەموو جیهان کوێر و کەڕن لە بەرامبەر ئەم هێرشانەی ئێستا، گەر گەریلا نەبێت، هیچ کوردێک نابێت و هیچ بەرخۆدانێک نابێت، گەریلا ڕێنوێنی مرۆڤایەتییە گەر گەریلا نەبێت مرۆڤایەتی نابێت، بۆ ئەو هەڤاڵانەی بە چەکی کیمیایی شەهید بوون سەری ڕێز دادەنەوێنین، وەک دایکانی شەنگال ئەو چاکەیەی ئەوان بۆ ئێمەیان کرد هەرگیز لەبیری ناکەین.

 

"دەوڵەتەکانی جیهان خۆیان کەڕ و کوێر کردووە"

فیلوز عەلی، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی تیشکی خستەسەر هاوکارییەکانی پەدەکە بۆ دەوڵەتی تورکیا و وتی: ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورک و هاوکارییەکانی پەدەکە لە دژی گەریلاکان، شەڕێکی مرۆیی نییە، ئەو دەزانێت ناتوانێت شەڕ بکات، بۆیە پەنا دەباتەبەر چەکی کیمیایی، ئێمە وەک دایکانی شەنگال سڵاوی خۆمان لە چیاکانی شەنگالەوە بۆ شوێنی گەریلا دەنێرین، ئێمە خۆمان وەک قەرزداری گەریلا دەبینین ئەوان لە مانگی ئابی ٢٠١٤ گەیشتنە شەنگال بۆ یارمەتیدانی ئێمە، گۆڕەپانی نێودەوڵەتی چاوی بەرامبەر هێرشەکانی داگیرکاریی تورکیا داخستووە، بۆیە دەوڵەتی تورک بەو بێدەنگیەی هەیە هان دەدرێت و بەم شێوەیە هێرش دەکات، ئێمە وەک دایکانی شەنگال هەرگیز گەریلاکان لە بیر ناکەین و باش دەزانین کە چۆن بەرامبەر هێرشی دڕندانە گیان بەخت دەکەن.