ڕۆژنامەنووس نازیلا مەعروفیان دەستگیرکرا

نازیلا مەعروفیان، ئەو ڕۆژنامەنووسەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ باوکی ژینا ئەمینی ئەنجامدابوو، لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەستگیرکرا و ڕەوانەی زیندانی ئەڤینی تاران کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران، هێزەکانی ئێران ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو هەڵیانکووتاوەتە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووس نازیلا مەعروفیان لە تاران و دەستگیریان کردووە، دوای دەستگیرکردنیشی گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ئەڤین لە تاران.

 

نازیلا مەعروفیان ڕۆژنامەنووسێکی خەڵکی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بەڵام لە تاران نیشتەجێیە، ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕۆژی ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ گفتوگۆیەکی ڕۆژنامەنووسیی لەگەڵ ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی لە ماڵپەڕی موستەقل بەناونیشانی "باوکی مەهسا ئەمینی: درۆ دەکەن"بڵاوکردبووەوە.

 

باوکی ژینا لەو گفتوگۆیەدا لێدوانی بەرپرسانی ئێرانی لەبارەی کێشەی تەندروستیی کچەکەیەوە ڕەتکردبووەوە، کە باسیان لەوەکردبوو، "ژینا ئەمینی بەهۆی نەخۆشیی پێشترەوە گیانی لەدەستداوە، نەک بەهۆی ئەشکەنجەی پۆلیسی ئەخلاقەوە"، بەڵام دواتر ماڵپەڕەکە دیمانەکەی سڕیبووەوە.

 

بەپێی ئاماری کۆمیتەی بەرگریی لە ڕۆژنامەنووسانی جیهانیی "سی پی جەی" کە ناوەندەکەی لە نیویۆرکە، لە ١٦ی ئەیلولەوە تائێستا لانیکەم ٥٤ ڕۆژنامەنووس لە ئێران دەستگیرکراون و ١٠ لەوانە بە بارمتە ئازادکراون.