بەردەوامی "ژن، ژیان، ئازادی" سەردەمی دڵی لێدانی شۆڕشە

ڕاپەڕینی سەرتاسەری لە ئێران بەردەوامە و سنەش هەمیشە لە پێشەنگی ئەم شۆڕشە بووە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ٢ی تشرینی دووەم، زیاتر لە ٥٠ ڕۆژ بەسەر دەسپێکی ڕاپەڕینی سەرتاسەری گەلانی ئێران لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران تێدەپەڕێت و سنەش وەک دڵی لێدانی ئەم شۆڕشە، هەموو ڕۆژێک شایەتحاڵی ڕاپەڕینی جەماوەری بووە.

 

لە درێژەی ڕاپەڕینەکاندا دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە سەرتاسەری ئێران دەوترێتەوە، زۆرێک لە شارەکانی ئێران شایەتحاڵی ناڕەزایەتی خەڵک بوون، لە سنە جگە لە مانگرتنی سەرتاسەری بازرگانان و سەندیکاکان، لە بەرەبەیانی ٢ی تشرینی دووەم تا ئەمڕۆ، خەڵک لە گەڕەک و شەقامە جیاوازەکاندا بەردەوام بوون لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە داخستنی ڕێگاوبانەکان و هاتوچۆ و لێدانی هۆڕنی بەردەوام و وتنەوەی دروشمی شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازان.

 

هێزە ئەمنییەکان بۆ سەرکوتکردن و بڵاوکردنەوەی خۆپیشاندەران گازی فرمێسکڕێژ و تەقەی ڕاستەوخۆیان کرد، ئەمەش بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی خەڵک بەتایبەتی منداڵان و گەنجان.

 

خەڵکی مەریوان، مەهاباد، سەقز و بۆکان، جگە لە مانگرتنی بازرگانەکان، تا کاتژمێرەکانی نیوەی شەو لە گەڕەک و شەقامەکاندا ئامادە بوون و دروشمی دژە حکومەتیان دەوتەوە.

 

شارەکانی دیکەی ئێران لەوانە تاران، ئەسفەهان، کەرەج، چابەهار و ...، شایەتحاڵی ناڕەزایەتی خەڵک و و خوێندکاران بوون و جگە لە گردبوونەوە و وتنەوەی دروشم، خەڵک لەسەر دیوارەکان  دروشمیان نووسیوە و نامیلکەیان دابەشکردووە و جارێکی تر دژایەتی خۆیان بۆ سیستەمەکە ڕاگەیاند.

 

هەروەها خەڵکی نوشەهر بە گردبوونەوە بۆ یادی ڕێوڕەسمی چلەی "حنانە کیا"، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە شەهید کرا، درێژەیان بە ناڕەزایەتییەکانیان دا.