ڕاپەڕینی ئێران سەرەڕای سەرکوتکردنەکان بەردەوامە

ناڕەزایەتییەکانی گەلانی ئێران پێی ناوەتەوە حەوتەم هەفتە، ڕژێمی ئێرانیش بۆ سەرکوتکاری ڕۆژنامەنووسان و هاوڵاتیان دەستگیر دەکات و ئاماری کوشتن بۆ ٢٨٧ کەس بەرز بووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ماوەی حەوت هەفتەیە لە ئێران ناڕەزایەتی بێوێنە بەردەوامە، سەرەڕای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو دەسەڵاتداران هۆشدارییان بە خۆپیشاندەران دابوو کە کاتی ئەوە هاتووە شەقامەکان بەجێبهێڵن، بەڵام ئەو ناڕەزایەتیانەی کە ناوچەکانی نیشتەجێبوون و شەقامە سەرەکییەکان و زانکۆکانی سەرتاسەری وڵاتی گرتەوە، هیچ نیشانەیەکی کەمبوونەوەی نیشان نەدا.

 

بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە، مانگرتن لە زۆرێک لە شارەکان بەردەوامە، لەوانە تاران و ئیسفەهان، هێزە ئەمنییەکانیش چەندین خوێندکاریان لە خوێندگەکانی شاری سنە دەستگیرکردووە.

 

شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکان

لە بەرامبەر قەدەغەکردنی چوونە ژوورەوەی ژمارەیەک خوێندکاری ناڕازی بۆ زانکۆکان لەلایەن حکومەتەوە، شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی و مانگرتن لە زانکۆکانی سەرتاسەری ئێران دەستیپێکردووە، بەو پێیەی لە گرتە ڤیدیۆییەکان و وێنەکاندا کە لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، دەرکەوتووە کە گەنج و ژنانی گەنج کۆدەبنەوە لە  گۆڕەپان و ڕێگاکانی ناو تاران و شارەکانی دیکە و دروشمی ئازادی بۆ دەستگیرکراوان دەڵێنەوە،

 

جگە لە زانکۆکان، ناڕەزایەتی خوێندکاران لە قوتابخانەکاندا بەردەوامە، بە جۆرێک خوێندکاران دروشمی “مەترسن، مەترسن، هەموومان پێکەوەین"یان دەوتەوە، گروپە ناڕەزاییەکانی ئێران لە هەژماری سۆشیال میدیای خۆیاندا نووسیویانە "سەرانی خوێنمژ و منداڵکوژی ڕژێمی ئێران نابێ خەیاڵی ئەوە بکەن کە بۆ هەتا هەتایە دەتوانن درێژە بە کوشتن و تاوانکاری بدەن!"

 

بەهەمان شێوە لە ناوچەی ئەکبەتان لە ڕۆژئاوای تاران، هاوڵاتیان درێژەیان بە خۆپیشاندانی شەوانەیان دا و هاوڵاتییان لە پەنجەرەکانیانەوە دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر"یان دەوتەوە، هاوکات هێزە ئەمنییەکان بۆمبی دەنگییان بەکارهێناوە بە ئامانجی تێکدانی دروشمەکان.

 

لە شاری ئەراک لە سەنتەری وڵات، هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندانی شەوانی گەنجان کرد و شارۆچکەی "وەلی عەسر" لە شارەکە شایەتی پێکدادانی توندوتیژ بوو، گەنجانیش ئاگریان لە بنکەیەکی بەسیج بەردا.

 

هەشت ڕۆژنامەنووس ئازاد کران

بەرواری ١ی تشرینی دووەم، بەرپرسێکی ئێرانی ڕایگەیاند کە دەسەڵاتداران هەشت ڕۆژنامەنووسیان ئازاد کردووە کە لە ماوەی ڕابردوودا دەستگیرکرابوون، وە ڕۆژنامەی ڕیفۆرمخوازی "سازەند" ئاماژەی بەوە کردووە کە "زیاتر لە ٢٠ ڕۆژنامەنووس هێشتا دەستبەسەرن" لە چەند شارێک کە دیارترینیان تارانە.

 

ئاژانسی هەواڵی ئێرانی بۆ مافەکانی مرۆڤ، دوایین ئاماری قوربانیانی ڕاپەڕینی بەردەوامی سەرتاسەری وڵات لە ئێرانی ڕاگەیاند و بە پێی ئامارەکە ژمارەی کوژراوان بۆ ٢٨٧ کەس بەرزبووەوە کە لانیکەم لە نێویاندا ٤٦ منداڵ هەن.