بەسیجەکانی ئێران هەڕەشەی سەربڕین لە ژنان دەکەن

شەوی ڕابردوو گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە شارۆچکەی ئەکبەتانی تارانەوە بڵاوکرایەوە کە تیایدا هێزە سەرکوتکەرەکان لەناو گەڕەکەکانەوە هەڕەشە لە هاوڵاتیان دەکەن تا بەرگری لە ڕژێمی ئیسلامی ئێران بکەن و بە ژنان دەڵێن سەرتان دەبڕین.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بە کوشتنی ژینا ئەمینی بە دەستی پۆلیسی ڕەوشت لە تاران دەستیپێکرد و لە حەوتەمین هەفتەدا سەرەڕای سەرکوتی خوێناوی بەردەوامە، سەدان هاوڵاتی بە دەستی هێزە سەربازییەکان کوژراون و بە هەموو شێوازێک توندوتیژی بەکاردەهێنرێت لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە و هەموو بەڵگەی تاوانەکانی ئەم ڕژێمە لەبەردەستدایە، لە نوێترین گرتە ڤیدیۆییدا کە بڵاوکراوەتەوە، دەریدەخات هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژێم هەڕەشەی سەربڕینی ژنان و بنەماڵەکانیان دەکەن.

 

گرتە ڤیدیۆکە لە میدیاکانی سەر بە دەسەڵاتەوە بڵاوکراوەتەوە و تیایدا دەریدەخات، شەوی ڕابردوو، ٣١ی تشرینی یەکەم، ژمارەیەک هێزی سەرکوتکەر لە ڕێگەی بڵندگۆکانیانەوە لە شەقام و کوچە و کۆڵانەکانی شارۆچکەی ئەکبەتان لە تاران هەڕەشە لە خەڵک دەکەن و دەڵێن: "ئەگەر شەرەفمان بپارێزین، ڕێگە نادەین زیان بەم وڵاتە بگەیەنێت".

 

ترسی حکومەت و هێزە سەرکوتکەرەکانی لە ڕاپەڕینێکی جەماوەری، بووەتە هۆی زیادبوونی توندوتیژیی چونکە شۆڕشی ژنان لە ئێراندا ڕێچکەی خۆی گرتووە و لە بەرامبەردا بە سووکایەتیکردن بە ژنان و بنەماڵەکانیان و هەڕەشەی سەربڕین لێیان دەیانەوێت ڕاپەڕینی گەلانی ئێران سەرکوت بکەن و دەنگی ژنان بێدەنگ بکەن.