لە هیندستان پردێک ڕووخا و چەندین کەس گیانیان لەدەستدا

بەهۆی داڕمانی پردێکی هەڵواسراو بە کێبڵ لە ویلایەتی گوجاراتی ڕۆژئاوای هیندستان زیاتر لە ١٣٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و بە یەکێک لە خراپترین کارەساتەکانی سەلامەتی گشتی دادەنرێت کە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕوویداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دەسەڵاتدارانی ویلایەتی گوجارات لە ڕۆژئاوای هیندستان، ٩ کەسیان دەستگیرکردووە، کە پەیوەندییان بە ڕووخانی پردێکی هەڵواسراوەوە هەیە، کە بەهۆیەوە زیاتر لە ١٣٤ کەس گیانیان لەدەستداوە.

 

پشکنەری گشتی پۆلیس ئاشۆک یاداڤ وتی لێکۆڵینەوەی تاوانکاری بۆ ئەو کەسانە کراوەتەوە کە بەشدارن لە نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی پردی سەردەمی کۆلۆنیالیزم، بەڵام تا ئێستا ناسنامەی دەستبەسەرکراوەکان بڵاو نەکراوەتەوە.

 

شوێنی گەشتیاری لە شارۆچکەی مۆربی لە گوجارات پانییەکەی ١.٢٥ مەتر و درێژییەکەی ٢٣٣ مەترە، لە ناوخۆدا بە “پردی وەرچەرخان” ناسراوە و بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٨٧٩ لە سەردەمی دەسەڵاتی بەریتانیادا بنیادنراوە.

 

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، خەلکێکی زۆر لە سەر پردەکە بۆ گەشت و وێنە گرتن لەسەر پردە گەشتیارییەکە بوون، گرتە ڤیدیۆییەکانی شوێنی ڕووداوەکە دەریانخستووە، هەندێکیان کێبڵی لاوەکییان بەدەستەوە بووە، کاتێک کەوتووەتە خوارەوە بۆ نزیکەی ١٠ مەتر بۆ ناو ڕووباری ماچو.

 

بەرپرسان ئاماژەیان بەوەشکردووە، زیاتر لە ١٣٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٧٠ کەسیش ڕزگارکراون، کە بەشێکی زۆریان بە برینداری لە نەخۆشخانەکاندا خەوێندراون.

 

هاوکات یەکشەممە کۆتا ڕۆژی فێستیڤاڵی دیوالی هیندۆسی بووە و دەسەڵاتداران مەزەندەیان کردووە کە نزیکەی ٥٠٠ کەس لەسەر پردەکە کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی چێژ لە ئاهەنگەکە وەربگرن، لەکاتێکدا پردەکە توانای هەڵگرتنی ١٠٠ بۆ ١٥٠ کەسی هەبووە لە یەک کاتدا.

 

پردەکە دوای حەوت مانگ لە چاککردنەوە لەلایەن کۆمپانیایەکی تایبەتەوە، ڕۆژی چوارشەممەی پێشوو کرایەوە و دوای تەنها چوار ڕۆژ پچڕا.