لە ماوەی ٥ مانگدا دەیان دەستگیرکردن و سانسۆر بۆ سەر ڕۆژنامەنوسانی ژن هەبووە

مەدیا ئورن، پەیامنێری ژن نیوز، باسی لە فشارەکانی سەر ڕۆژنامەنووسان و ئاژانسەکان کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ڕۆژنامەنووسانی ژن بەتایبەتی دەکرێنە ئامانج، بەڵام دەسەڵاتدار ناتوانێت دەنگی ئەوان کپ بکاتەوە.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- لە چوارچێوەی لێکۆڵێنەوەی داواکاری گشتی ئەنقەرە، لە ٢٥ی تشرینی یەکەم، ١١ ڕۆژنامەنووس، کە ٦یان ژنن، لە ئاژانسی میزۆپۆتامیا و ژن نیوز دوای هەڵکوتانە سەر ماڵەکانیان دەستبەسەرکران، زەمۆ ئاگۆز، یەکێکە لەو ڕۆژنامەنووسانەی کە دەستبەسەرکردنی بۆ درێژکرایەوە، بەڵام بەهۆی بوونی منداڵە ساواکەیە بۆ ماوەی ٤٥ ڕۆژ بە مەرجی دەستبەسەرکردن لە ماڵەکەیدا ئازاد کرا، ٩ ڕۆژنامەنووسی دیکە بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرکرا و ڕۆژنامەنوسانی دیکە هێشتا لە ژێر لێکۆڵینەوەدا.

 

لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا کە لە ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە ڕۆژنامەنووسان ئەشکەنجەدراون و بە پارێزەرەکانیشیان ڕاگەیاندووە کە ئەشکەنجەدان دژیان لە بارەگای سەربازی بەردەوام بووە.

 

ڕۆژنامەنووسە ژنەکان دەکرێنە ئامانج

پەیامنێری ژن نیوز، دەریا ڕەن، کە سزاکەی لە دۆسیەیەکی جیادا پشتڕاستکراوەتەوە، لە ڕۆژی دەستبەسەرکردنیدا دەستگیرکرا و برایە زیندان و پشکنین بە ڕووتی بەسەریدا سەپێندرا، دەریا ڕەن ڕەتیکردەوە بەو جۆرە پشکنینی بۆ بکرێت، بۆیە لەلایەن پێنج پاسەوانەوە لێیدرا، هەروەها بێریڤان ئاڵتان و ئۆزنور دەگەر و دیرەن یورتسەڤەر لەلایەن پۆلیسەوە ئەشکەنجە و هەڕەشەیان لێکراوە و ئەشکەنجە دراون.

 

ئاژانسی هەواڵی ژن نیوز، لە ماوەی ٥ مانگدا دووجار بەر ئۆپەراسیۆنی دەستبەسەرکردن کەوتووە، کارمەندانی ئاژانسەکەش لەژێر فشاری هەمیشەیی دان و سێ پەیامنێریان لە دواین ئۆپەراسیۆندا دەستبەسەرکراون، بەڵام سەرەڕای هەموو جۆرە زەحمەتی و فشارێک بەردەوامن لە کارەکانیان، مەدیا ئورن، پەیامنێری ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەکرد کە ڕۆژنامەنووسانی ژن بەتایبەتی لە دەستبەسەرکردنەکانی ئەم دواییەدا کراونەتە ئامانج و ئەشکەنجە دەدرێن.

 

لەماوەی ٥ مانگدا دەیان فشار و سانسۆڕ ڕووبەڕوویان بووەتەوە

دەریا ئورن ئەوەی خستەڕوو کە سیاسەتی هێرش دژیان یەکەم جار نییە و وتی: هەوڵدانە زۆرەملێیەکان بۆ چەوساندنەوەی هاوڕێیانمان، ئەشکەنجەکان کۆی پرۆسەکە دەردەخات، هەتا ئەم بێدەنگییە بەردەوام بێت، قەدەغەکاری و هێرشکردنە سەر چاپەمەنییەکان بەردەوام دەبێت، لەکاتی دەرچوونی یاسای سانسۆڕ لە پەرلەمان، ١٦ هاوڕێمان دەستگیرکران، لە ماوەی ٥ مانگی ڕابردوودا چەندین جار هێرش کراوەتە سەر نوسینگەکانمان و هاوڕێیانمان دەستگیرکراون، دیسان ئاژانسەکانمان ئاسەتەنگ کرا و ڕۆژنامەکانمان گیرا، لەماوەی ئەمساڵدا تووشی فشار و هێرشێکی زۆر بووینەتەوە ١١ هاوڕێمان دوای جێبەجێکردنی ئەم یاسایە دەستبەسەرکراون.

 

"هێرش دەکەنە سەر چاپەمەنییەکان بۆ شاردنەوەی دۆخی شکستخواردووی ئێستا"

مەدیا ئورن ڕایگەیاند، کاتێک حکومەت لە کێشەدایە بۆ شاردنەوەی دۆخی خۆی هێرش دەکاتە سەر گەلی کورد و چاپەمەنی ئازاد، "ئەو پڕۆسەیەش بەڕوونترین شێوە سیاسەتەکانی سەر گەلی کورد دەخاتەڕوو کە دەیەوێت بەو هێرشانە لەناوچوونی خۆی بشارێتەوە و ڕێگە لە ئاشکراکردنی ئەو شتانە بگرێت ڕوودەدات، هەروەها بەهۆی نزیکبوونەوەی کۆتایی لۆزانەوە لە دەرەوەی سنوور هێرش دەکرێت و دیسان گۆشەگیری لە ناو خەڵکدا و لە زیندانەکاندا هەیە، خەڵک لەناو قەیراندا دەژین و لەگەڵ قوڵبوونەوەی قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیش هێرشدەکەنە سەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن بۆ ئەوەی ئەمە بشارنەوە".

 

"کەس ناتوانێت دەنگی ئێمە کپ بکات"

مەدیا ئورن ئاماژەی بەوەدا کە میدیاکان ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لەڕاپۆرت دان و خستنەڕووی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و خەڵک لە ڕێگەی ئەم هەواڵانەوە ڕاستیەکان دەزانن، وتیشی: سەرەڕای هێرشەکان، ڕۆژنامەنووسان جەختیان لەسەر نووسینی هەواڵ و وێنەگرتن کردەوە، چونکە بە دەنگی چاپەمەنی خەڵک هەموو شتێک دەزانن، چەکی کیمیایی بەکارهاتووە و ئەمە لە بەڵگەکەدا سەلمێنراوە ماوەیەکی زۆره که هەواڵی چەکی کیمیایی بڵاوبووەتەوە و لێدوانەکان بڵاوکرانەوە، دەیانویست بەم هێرشانە ڕۆژنامەگەری بێدەنگ بکەن، بەڵام دەمانەوێت دووبارە ئەمە بڵێینەوە، ئەم فشارانە تازە نین و دەزگاکانمان لە ساڵانی نەوەدەکاندا دەسووتێنران و هاوڕێیانمان دەستگیرکراون و تاوانی کوشتنی نادیار ئەنجامدراوە، بەڵام کەس نەیتوانی دەنگی ئێمە نەهێڵێت و ئەم حکومەتەش ناتوانێت بێدەنگمان بکات.