هەڵەبجە، دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە کوردستان گردبوونەوە کرا
لە هەڵەبجە دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و شەهیدکردنی ١٧ گەریلای ئازادیی کوردستان گردبوونەوە کرا و داوا لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کرا کە بێنەدەنگ و ڕێگری لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بگرن.
هەڵەبجە
پاشنیوەڕۆی دوێنێ دەستەی دەستپێشخەریی خەڵكی هەرێمی كوردستانی دژی داگیركاریی لە بەردەم مۆنۆمێنتی شههیدان له ههڵهبجه و به ئامادهبوونی ڕێكخراوهكانی كۆمهڵگەی مهدهنی و ژنان و کەسانی ئازادیخواز و توێژە جیاوازەکان، ڕێپێوانێکیان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، "شەهید نامرێ" و "له ئامهد تا هەڵهبجه كوردستانه یاك پارچه" ئەنجامدا و ئیدانەی هێرشە ناڕەواکانی تورکیایان بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان کرد.
تارا حسێن، هاوسەرۆکی گشتی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها، ئاماژەی بەوەدا، هاتوونەتە شاری هەڵەبجە و ڕێپێوان بەرەو مۆنۆمێنتی شەهیدان دەکەن، چونکە هەڵەبجە پایتەختی قوربانیدانە، وتیشی: ماوەی ساڵێکە ١٧ گەریلا بە چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە شەهید بووە، بۆ هەڵوێست دەربڕین بە جلی سپیەوە ناڕەزایەتی دەردەبڕین، وەک ڕەمزێک بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی چەکی کیمیایی، کە هاوشێوەی سەدام حسێن دووبارە ئەردۆغان ئەم هەڵە مێژوویە دووبارە دەکاتەوە بۆ سەر خاکی هەرێم.
لە درێژەی قسەکانیدا تارا حسێن باسی لەوەشکرد کە بۆردومانەکان تەنها زیان بە هاوڵاتیان و گەریلاکانمان ناگەیەنێت، بەڵکو دار و درەخت و خاکمان بۆ چەندین نەوەی داهاتوو پیس دەبێت، "بۆیە داواکارین هەرچی زووترە لایەنی پەیوەندیدار حکومەت و دادگای لاهایی کە یاداشتیان بۆ نێردراوە، دژی لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیا بێنەدەنگ و سزای خۆیان وەربگرن.
لە درێژەی چالاکییەکەدا حەكیم عەبدولكەریم، ئەندامی دەستەکە بەیاننامەی چالاکییەکەی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا نزیكەی حەوت مانگە دەوڵەتی توركیا بە بڕیاری ئەرۆدغان، هەموو یاساكانی جەنگ و پێوانە ئەخلاقییەكانی پێشیلكردووە، دەیان جۆر چەكی كیمایی و بۆمبی ئەتۆمی و فسفۆڕی بەكارهێناوە، بەپێی یاسا هەمووی قەدەغەكراوە، بە بەڵگە هەمووی دەخەینە بەردەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا ١٧ گەریلای ئازادیی كوردستان بە كاریگەری ئەو چەكە شەهیدبوون، یەكێك لە شەهیدەكان بەناوی پەیام عەبدوڵایە کە خەڵكی سلێمانی بوو، ئەوەش جینۆسایدێكی ئاشكرایە و پاکتاوکردنی گەلەكەمان و ژینگەكەمانە.
لە بەیاننامەکەشدا هاتووە، "ئەم هێرشانە تەنها هێرشی سەر نەیارەكانی توركیا نییە، بەڵكو هێرشە بۆ سەر تەواوی زیندەوەران و تێكچوونی ژینگە و سروشتی ناوچەكە، وەك دیاریشە هاوڵاتیانی هەڵەبجە ٣٥ ساڵە بە دەست كاریگەرییەكانی چەكی كمییاییەوە دەناڵێن، ئەم هێرشە دڕندانەی دەوڵەتی تورك هەناسەی نەوەكانی داهاتوومان ژەهراویی دەكات، سەرمان سووڕدەمێنێت لە بێدەنگیی ڕێكخراوەكانی بەناو مافی مرۆڤی جیهانیی، لەكاتێكدا دەوڵەتی تورك بەئاشكرا تیرۆر بەڕێوەدەبات و دەست بۆ بەكارهێنانی چەكی كیمیایی دەبات".
هەروەها ئاماژە بە ڕێگرییەکانی پەدەکە کرا لە تیمی لێکۆڵینەوەی پزیشکانی نێودەوڵەتی کە بچنە ئەو ناوچانەی دەوڵەتی تورک چەکی کیمیایی تێدا بەکارهێناوە و وتی: هەندێك هێزی كوردیی بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هاوكاری بەكارهێنانی چەكی كیمیایین، بەجۆرێك دەستدەگرن بەسەر ماسكی چەكی كیمیاییدا، لەلایەكی دیكەوە دەبنە ڕێگ لە بەردەم تیمی پزیشكی نێودەوڵەتیی بۆ لێكۆڵینەوە و ئاشكراكردنی تاوانەكانی دەوڵەتی تورك.
بەیاننامەکە ئاڕاستەی هەریەک لە نوسینگەکانی مافی مرۆڤ و نوێنەرایەتی باڵیۆز و کونسوڵخانەی وڵاتان لە عێراق ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوەکانی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی- OPCW، یەکێتی پزیشکانی نێونەتەوەی دژی چەکی کیمیایی-IPPNW، سێ سەرۆکایەتی حکومەتی عێراق و کوردستان و دادگای لاهای نێو دەوڵەتی کرا و داوای هەڵوێستی جدی کرا.