ئاماری کوشتن و هاندانی ژنان بۆ خۆکوشتن لە مانگی تشرینی یەکەمدا

لە كاتێكدا كوشتن و خۆكوشتنی ژنان بە شێوەیەكی سیستماتیك ئەنجامدەدرێت، زیاتر لە مانگێكە ژنان بە ئاشكرا لەلایەن حكومەتەوە كوژراون و لە ماوەی یەك مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ٩ حاڵەتی كوشتنی ژنان لەلایەن حکومەتەوە تۆمار كراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

سیستمی پیاوسالاری و دژە ژنی ڕژێمی ئێران کە زیاتر لە چل ساڵە حوکمڕانی کۆمەڵگەی ئێرانی دەکات، بە شێوەیەکی سیستماتیک کوشتنی ژنانی لەلایەن ئەندامانی بنەماڵە و خزم و کەسوکارەوە زیاد کردووە و زیاتر لە مانگێکە بە ئاشکرا ژنان بە گولـلەی جەنگی دەکاتە ئامانج.

 

هیچ ئامارێکی وردی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لە ئێراندا نییە و لە ئێستادا ئینتەرنێت لەکارکەوتووە یان بە توندی تێکچووە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش هیچ ئامارێکی ورد لە ئاماری ئەو ژنانەی کە هاندراون بۆ خودکوشتن یان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون لەبەردەستدا نییە .

 

سەرەڕای لە کارکەوتنی ئینتەرنێت، لەم مانگەدا ئاماری ئەو ژنانەش دەخەینەڕوو کە هاندراون بۆ خودکوژی یان لەلایەن حکومەتەوە کوژراون.

 

ناوی ئەو ژنانەی لە مانگی تشرینی یەکەم کوژراون بەم شێوەیەن:

لە ٢٣ی ئەیلول، سارینا ئیسماعیل زادە لە شاری کەرەج لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرا، بەڵام دوای چەند ڕۆژێک هەواڵەکەی لە میدیاکاندا بڵاوکرایەوە، هەروەها هەدیە نەعیمی لە شاری نوشەهر لە شەقامی حافز لە لایەن ئەفسەرانی ئاسایشەوە کوژراوە.

 

ڕۆژی ٢٥ی ئەیلول  حەدیس نەجەفی، تەمەن ٢٠ ساڵ خەڵکی کەرەج لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرا، وە لە سەرەتای مانگەوە ڕۆشانە ئەحمەدی خەڵکی بۆکان بەهەمان شێوە لە خۆپیشاندانەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرا.

 

ڕۆژی ١١ ئەیلول، مەهسا موگۆی تەمەن ١٨ ساڵ لە شاری فۆڵدشاری ئیسفەهان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرا.

 

ڕۆژی ٢٠ی ئەیلول، نیکا شاکەرەمی تەمەن ١٧ ساڵ لە تاران لە کاتی خۆپیشاندانەکانی سەر شەقامی کەشاوەرز بێسەروشوێن بوو، پاش چەند ڕۆژێک تەرمەکەی لە کەهریزاک لەلایەن بنەماڵەکەیەوە ناسێندرا.

 

ڕۆژی ٧ی تشرینی یەکەم، ژنێک و منداڵێکی بچووک لەلایەن مێردەکەیەوە خنکێنراون و کوژران، هەروەها  نادیە ئەرفانی فەردیسی خەڵکی شاری کەرەج بە دەستی هێزەکانی ڕژێمی ئێران کوژرا.

 

ڕۆژی ٩ی تشرینی یەکەم، ژنێکی بەلووچ لە بنەماڵەی داستجەردی لە قەڵاجنج دوای ڕەتکردنەوەی پێشنیاری هاوسەرگیرییەکەی لەلایەن یەکێک لە هێزە ئەمنییەکانەوە تەقەی لێکرا و کوژرا.

 

ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەم، ئیلاحە سەعیدی خەڵکی سەقز لەلایەن سوپا و هێزە ئەمنییەکانەوە تەقەی لێکرا و کوژرا.

 

ڕۆژی ١٧ی هەمان مانگ، ژنێک لە تاران لەلایەن مێردەکەیەوە کە گیرۆدەی مادەی بێهۆشکەر بوو کوژرا و ڕۆژێکی دیکەش ژنێکی تەمەن ٣٨ ساڵ بە ناسنامەیەکی نادیار لە شاری بەرازجان لەلایەن مێردەکەیەوە کوژرا، هۆکاری کوشتنەکەش ناکۆکی و ململانێ بوو.