"ژنانی کورد بوون بە دامەزراندنی سوپای ژنان بوونە مۆدێل بۆ ژنان"

زۆزان شێخی، بەڕێوبەری ئاسایشی ناوخۆ-ژن لە هەرێمی فورات لە ساڵیادی بە سوپابوونی ژنانی کورد وتی: "ژنانی کورد لە سەدەی ٢١دا بوونە مۆدێلی ژنانی تێکۆشەر و خاوەن ئیرادە".

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- بزووتنەوەی ژنانی کورد بە پێشەنگایەتی شەڕڤان بێریتان "گوڵناز کاراتاش" لە ساڵی ١٩٩٢دا بە سوپابوونی خۆی ڕاگەیاند و ٣٠یەمین ساڵی خۆی بە زیرەکی، هۆشیاری و ئامانجی درێژەدان بە کاری ڕێکخراوی ژنان و قارەمانێتی ژن و خۆپاراستنی سروشتیی بەرامبەر ئەقڵیەتی پیاوە باڵادەستەکان، هەڵوێستی فیوداڵی و دواکەوتوو تێدەپەڕێنێت.

 

لە جیهانی زیندوو و ڕۆحدا هەموو بوونەکان سیستەمێکی پاراستنیان بۆ مافەکانی خۆیان هەیە وەک پاراستنی بایۆلۆجی و کۆمەڵایەتی، خۆپاراستن هێندەی نان و ئاو پێویستییەکی زیندووە کە مرۆڤ دەتوانێت بە شەڕی بوون و لەناوچوون لێکی بداتەوە، پاراستن بە سروشتی لە ڕەگەزی ژناندا بەهێزترە، ئەمەش لەسەر بنەمای ڕەگە مێژووییەکانی ژنانە کە لە چەندین دابونەریتدا هاتووە ژنانی کورد بەدرێژایی مێژوو پێشەنگایەتییان کردووە بۆ پاراستنی خۆیان و وڵات، بەڵام ئەمە بە دامەزراندنی تەڤگەری ئازادی و هزری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان زیندوو کرایەوە و ژنانی کورد بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" و لە کەسایەتیی تێکۆشەر بێریتان لە ساڵی ١٩٩٢ سوپای ژنانی بەرهەمهێنا، کە بەرەیەکی دیکە بۆ تێکۆشانی ئازادی دەستیپێکرد.

 

ئەو تۆوانەی کە ٣٠ ساڵ لەمەوبەر چێندرابوون ئەمڕۆ لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستاندا لە گەشە بەردەوامە، لە ئێستادا سوپای ژنان لە دۆخێکی نوێدایە، ژنانی کورد بە سوپا و فەرماندارییەوە شەڕەکان بەڕێوەدەبەن و چالاکی ئاست بەرز ئەنجام دەدەن، ژنان ڕۆڵی سەرەکی و یەکلاکەرەوە دەبینن لە هێز و یەکە گشتییەکاندا کە ژیان لە شاخ و شار و هەموو بەشەکانی کوردستان بە زانینی خۆپاراستن دەپارێزن، بۆیە خەباتی چەکداری و سوپا و هێز و یەکەکانی ژنانی کورد لە کوردستان تێگەیشتنی لە ژیانی نوێ بۆ ژنان دروستکردووە و لە سەدەی ٢١دا مۆدێلێکی نوێ لەسەر بنەمای ڕاستی مێژوویی ژنان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان پێشکەش کرا.

 

"شەهید بێریتان پێشەنگی ئێمەیە"

زۆزان شێخی، بەڕێوبەری ئاسایشی ناوخۆ-ژن لە هەرێمی فورات لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لەو میراتە کرد کە بێریتان بەجێیهێشت و وتی: تشرینی یەکەم واتا و گرنگییەکی زۆری هەیە کە ئێمە وەک ژنان دەیان دەستکەوتمان لە خۆپاراستندا بەدەستهێناوە بە سایەی تێکۆشانی شەهید بێریتان، شەڕڤان بێریتان بۆ ئێمە سیمبولی ژنە شەڕڤان و فەرماندەیە، بۆیە پێشەنگی گەورەی ئێمەیە لە بواری سوپا و بەرگری لە ژناندا ئەم ڕاستییەش لە شۆڕشی ئێمە لە ڕۆژئاوای کوردستان سەریهەڵدا، شۆڕشی ژنانی ئێمە کە ١٠ ساڵی تێپەڕاند سەرچاوەی خۆی لە تێکۆشان و میراتی شەهید بێریتان و هاوەڵەکانی وەردەگرێت، ژنانی ڕۆژئاوای کوردستانیش جگە لە ڕێکخستنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و زیندوویی خۆیان، لە بواری سەربازی و خۆپاراستندا ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە.

 

زۆزان شێخی لە بەردەوامی قسەکانیدا باسی لە ژنان و خۆپاراستن کرد و وتی: بێگومان کاتێک باس لە بەرگری دەکەین تەنها لە بواری چەکداریدا نایگرینە دەست، ئێمە باسی فەلسەفە و ژیان و ئازادی ژنان دەکەین کە بە شێوازی جیاواز دەیپارێزین، ئێمە بە پاراستنی ئەم فەلسەفەیە بەردەوام دەبین لە بوون و فیکر و ناسنامە و بەها و دەستکەوتەکانمان، بۆیە ئێمە پرسی خۆپاراستن لە رووی بایۆلۆجی و کۆمەڵایەتی و ژیانەوە وەردەگرین، مۆدێلی خۆپاراستن لە ڕێگەی سوپا و یەکەکان و هێزەکانەوە بە شەهید بێریتان دەستیپێکرد و بە شۆڕشی ١٩ی تەمووز پەسەند کرا.

 

"ئێمە خۆمان لەسەر بنەمای سوپای ژنان ڕێکدەخەین"

ئەو بەڕێوبەرەی ئاسایشی ناوخۆ-ژنان لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: وەک یەپەژە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ-ژن و هێزەکانی پاراستنی جەوهەری-ژن لەسەر بنەمای سوپای ژنان خۆمان ڕێکدەخەین، هەر ژنێک خۆی لەشکرێکە کە پارێزگاری لە پێوەر و بەهاکانی کۆمەڵگە دەکات و ئەم هێزە لە شەهید بێریتان وەرگیراوە بۆ ئەوەی بتوانین بەو شێوەیە هەڵسوکەوت بکەین، ئەرکی سەرەکیمان ئەوەیە کە بەشداری لە تێکۆشانی شەهید بێریتان بکەین و میراتەکەی لەگەڵ هەموو ژناندا هاوبەش بکەین، بۆیە لە دژی ئەو ئیرەییەی کە ڕاستی ژنان و کۆمەڵگە تێکدەشکێنێت، تێدەکۆشین و لە بواری پشتیوانی و بەرگری چەکداری و هۆشیارانە پشتگیری ژنان دەکەین.